یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دانی بەوەدانا كە هەردوو ئەستێرەی تیپەكەی كاسیمێڕۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و ناچۆی بەرگریكاری ئیسپانی تووشی پێكان بوونە و بەهۆیەوە ماوەی چەند هەفتەیەك لە یاریكردن دادەبڕێن.
هەردوو یاریزانەكە لە یارییەكەی پێرێ یەكشەم بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە گەڕی 12ی خولی ئیسپانیا تووشی پێكان ببوون كە تێیدا یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 2-4 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.
یانەكە ئاشكرای كرد كە ناچۆ تووشی پێكانی چۆكی راستی بۆتەوە، كاسیمیڕۆش پێكانی لە قاچیدا هەیە، بەڵام یانەكە ماوەی دووركەوتنەوەی هەردوو یاریزانەكەی ئاشكرا نەكرد.
لای خۆیەوە ماڵپەڕی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە بەگوێرەی ئەو زانیارییە پزیشكیانەی دەستیان كەوتووە ناچۆ بەهۆی پێكانەكەوە ماوەی مانگێك لە یاریكردن دادەبڕێ، بەمەش ئەو بەرگریكارە ناتوانێ بەشداریی لە جامی جیهانی یانەكان بكات كە بڕیارە لە رۆژانی 12 تا 20ی مانگی داهاتوو لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەبچێت.
كاسیمیرۆش بەلایەنی كەم ماوەی 3 هەفتە ناتوانێ یاری بكات، واتە ئەو یاریزانە ناتوانێ لە یارییە هەڤاڵینییەكانی هەڵبژاردەی بەڕازیل بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئۆرگوای و كامیڕۆن بكات كە بڕیارە لە رۆژانی 16 و 20ی ئەم مانگە بەڕێوە بچن، هەروەها لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ناتوانێ لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی رۆمای ئیتاڵیش یاریی بكات لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێ.
یانەی ریال مەدرید كێشەی زۆری پێكانی یاریزانانی هەیە كە جگە لە ناچۆ و كاسیمێڕۆ هەریەك لە یاریزانەكانی سێرخیۆ رۆگیلۆن و خیسۆس ڤاییخۆ، دانی كارڤاخال، مارسێلۆ و رافایێل ڤارانیش پێكانیان هەیە.
یانەی ریال مەدرید دوای تەواوبوونی یارییە ناودەوڵەتییەكان رۆژی 25ی ئەم مانگە لە گەڕی 13ی خولی ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی ئیبار دەبێتەوە، دواتریش لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی رۆما یاری دەكات.