ئێوارەی دوێنێ گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە كە دوو كەس كەسێك بریندار دەكەن و بە برینداری لەسەر شەقامەكان ڕای دەكێشن. پۆلیس ڕوونكردنەوە لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیە بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 13ـی تشرینی دووەم، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕووداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە و لە پێشانگای ئۆتۆمبێل ڕووی داوە، ئەو دوو كەسە خەڵكی شارۆكەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی بوون. شەڕیان بووە، كێشەكە كۆمەڵایەتییە و كەسێك بریندار بووە.
ئەو بەرپرسەی پۆلیس گوتی، بنكەی پۆلیسی تاسڵووجە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو كەسەی گیراون بەردەوامە و بریندارەكە ئێستە لەژێر چاودێری پزیشكییە، بەگوتەی دوو كەسەكە، كێشەی هەبووە و خۆی ڕادەستی پۆلیس نەكردووە و سكاڵایان لەسەری هەبووە.
ئاماژەی دا، لەگەڵ پۆلیسی كەركووك پێوەندیمان كردووە بزانین ئایە ئەو كەسە بریندارە سكاڵای لەسەر هەیە ئەگەر هەبێت ڕادەستی پۆلیسی كەركووكی دەكەین و ئێستە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترن.