نرخی نەوت دابەزی

:: AM:09:36:13/11/2018 ‌

سەرەڕای ئەوەی كە دوێنێ بەیانی نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە و دیسان نەوت نزمترین نرخی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو تۆمار كرد.
 
بەگوێرەی dailyfx  هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 69 دۆلار و 60 سەنت داخرابوو، بەڵام  پێش نیوەڕۆی دوێنێ دووشەم سەرووی دۆلار و نیوێك لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت هەڵكشا و لە ئێوارەدا رووی لە دابەزین كردەوە، ئەو دابەزینەش تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەم بەردەوام بوو و ئێستە بە 69 دۆلار و 34 سەنت دەفرۆشرێت.

یەكێك لەو وڵاتانە كە بڕیاری داوە نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتی رۆژانەی كەم بكاتەوە، سعوودیەیە و ئەمە رۆژی یەكشەم لە لایەن وەزیری نەوتی ئەو وڵاتەوە راگەیەنرا و بووە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، بەڵام پێ دەچێت ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرز بێت و پێویستی بەوە هەبێت وڵاتی تریش لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە.

نرخی نەوت بۆ پێنجەم هەفتەی لە دوای یەك دادەبەزێت و بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو دابەزیوە. سەرەتای مانگی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت تا 87 دۆلار بەرز بووەوە .

دابەزینی نرخ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕووی نەوت و پێشبینی كرابوو لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، چونكە بۆشایی لە دابینكردنی نەوت دێتە كایەوە، بەڵام ئەمە رووی نەداوە و پێ دەچێت كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بە هێمنی پێشتر رووی دابێت و لەگەڵ كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە شوێنی تر هەناردەی وڵاتانی تر زیاد بووبێت و قەرەبووی نەوتەكەی كردبێتەوە.

ئەوەی وایكردووە نرخی نەوت لە ماوەی رابردوودا دابەزێت، ئەوەیە ئەمەریكا رێی بە كۆمەڵێك وڵات داوە درێژە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن و ئەمەش دڵەڕاوكێی كەمبوونەوەی نەوتی رەواندەوە.



وشە - سلێمان تاشان