بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات

:: AM:09:40:13/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، زیادبوونی كارەبای ڕاگەیاند كە بڕی زیادبوونەكە بە سێ‌ قۆناغ دەبێت و بڕەكەی هەزار و 100 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بە سێ قۆناغ هەزار و 100 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێت، ئەوەیش وەزارەتی كارەبا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ماوەی چەند مانگی رابردووی ساڵی 2018 توانیویەتی بە تێكڕا 2300 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت و بە سەر هاوبەشانی كارەبا دابەشی بكات .

ئاشكرا كراوە، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانكاری لە بەرهەمهێنانی كارەبا روو دەدات بەهۆی زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە گێڵگەكانی (كۆرمۆر و خوڕمەڵە)، كە پێشبینی دەكرێت بەرهەمهێنانی كارەبا بە چەند قۆناغێك لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێ بكات بە زیادبوونی لە دوو هەزار و 300 مێگاوات، دەبێتە سێ هەزار و 500 مێگاوات، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا بە رێژەی 50% بەرەو زیادبوون دەچێت و سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت و هاووڵاتییان سوودمەندی سەرەكی دەبن .

ئاماژە دراوە، وەزارەتی كارەبا بەپێی بەرنامەی داڕێژراو دەستی كردووە بەجێبەجێكردنی (پڕۆژەی تۆڕی زیرەك) كە یەكسانی دەبەخشێت بە هاووڵاتییان لە سوودی كارەبا، ئەم پڕۆژەیە تا كۆتایی ساڵی 2019 بەپێی پلانێكی وەزارەت جێبەجێ دەكرێت و كارەبای بە فیرۆچوو كە رێژەكەی لە نێوان 25% تا 30% كارەبای بەرهەمهێنراو دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی و ئەم زیادەیەش جارێكی تر هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.



وشە - رامیار جەواد