سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ تێپەڕاندنی بودجە

:: AM:09:54:13/11/2018 ‌

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە لەگەڵ لیستەكانی ناو پەرلەمان بە جیا كۆ دەبنەوە، شاندێكی هەرێمی كوردستانیش لەسەر شایستە داراییەكانی كوردستان لە بەغدایە. پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ ئەوە یەكەمجارە شاندی كوردستانی لەگەڵیان كۆ ببێتەوە.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، پێویستە بەزووترین كات بودجەی 2019ی عێراق تێپەڕێنرێت بە جۆرێك پشتگیری لە ئاوەدانكردەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و خزمەتگوزاری گشتی بكات لە وڵات.

حەلبووسی لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی لەگەڵ شاندی رەوتی حیكمە تاوتوێی بودجەی 2019 كردووە، بەگوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان بێت، سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە لەناو بودجەدا گرنگی بە ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش بدرێت.

تاوتوێكردنی پرسی بودجەی 2019 لە نێوان لیستەكانی ناو پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە كاتێكدایە شاندێكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە لە بەغدایە و لەگەڵ پەرلەمانتارە كوردەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش كۆ بوونەتەوە. ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێ ئەوە یەكەمجارە شاندی كوردستانی لە سەردانیان بۆ بەغدا پرس و راوێژ بە پەرلەمانتارانی كوردستانی لیژنەی دارایی بكەن.

ئەو پەرلەمانتارە لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی دەنووسێ، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی كوردستانی تاوتوێی پرسە پێوەندارەكانی بە كوردستانیان لە بودجە كردووە.

هاوكات دوێنێ دووشەم 12ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندی لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانی سائیروون و رەوتی حیكمە كۆ بووەتەوە، دووپاتی لە بەردەوامی دیدار و گفتوگۆكانی نێوان لیستەكان كردووەتەوە لەسەر پرسی بودجەی 2019 و رێكخستنی لیژنەكان و یەكخستنی هەڵوێستی لیستەكان لەناو پەرلەمان بۆ قۆۆناغی داهاتوو بە مەبەستی بەدەستهێنانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ كە لە خولەكانی پێشتر بەهۆی بەربەستە سیاسییەكان نەتوانراوە تێپەڕێنرێن.

نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، دەڵێ سەردانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ لای ئەو لیستانە بە ئامانجی یەكخستنی روحی هاوكاری بووە بەتایبەت لەسەر پرسی بودجەی 2019 كە پێویستە گرەنتی مافەكانی هاووڵاتییانی عێراقی لە هەموو پارێزگاكان تێیدا پارێزراو بێت بە پشكی هەرێمی كوردستانیشەوە.

جێی باسە هەر پێوەند بە بودجەی 2019، شاندێكی هەرێمی كوردستانی دوێنێ سەردانی بەغدایان كردووە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردی لیژنەی دارایی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوەیان كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق