عەسكەری: حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر نەوتی كەركووكدا نییە

:: AM:10:36:13/11/2018 ‌

بەرپرسێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، كۆمەڵێك لایەن دەستیان لە نەوتی كەركووك ھەیە و ئەوەی لێی بێ ئاگایە حكوومەتی عێراقە، چونكە لێدوان لەبارەی نەوتی كەركووك دەدەن و دوای چەند رۆژێك پێچەوانە دەردەچێت.

 ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت وگاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك  بە "وشە"ی ڕاگەیاند, پرۆسەی نەوت لەكەركووك بەھیچ جۆرێك ڕوون نییە و كەس نازانێ كێ سەرپەرشتی دەكات. چونكە چەندان لایەن سەرپەرشتی دەكەن. وەزیری نەوتی عێراق لێدوان لەبارەی نەوتی كەركووك دەدات و دواتریش راست دەرناچێت، بۆیە رەنگە حكوومەتی عێراق ھەر ئاگای لە نەوتی كەركووك نەبێت. ئەو دەڵێت "ئەگەر حكوومەتی عێراق حكوومەت بووایە، دۆخی ئێمەش بەو شێوەیە نەدەبوو."

بەگوتەی ئەحمەد عەسكەری حكوومەتی عێراق بڕیار لەبارەی نەوتی كەركووك دەردەكات و جێبەجێ ناكرێت و كەس نازانێ بۆ جێبەجێ ناكرێت، دیاریش نییە چارەنووسی نەوتی كەركووك چۆن دەبێت، چونكە چەندان لایەن دەستیان تێدایە و دیار نییە كێ بەتەواوی سەرپەرشتی دەكات و تا ئێستەش یەكلایی نەبووەتەوە بۆ ئێران ھەناردە دەكرێت یان لەرێی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێت.

 عەسكەری باسی لەوەش كرد، تا ئێستە دیار نییە ئێران رێ دەدات نەوتی كەركووك بۆ توركیا ھەناردە بكرێت لەكاتێكدا خۆی دەسەڵاتی لە ناوچەكەدا ھەیە .

ئەو دەڵێت "كە داوای زانیاری لە حكوومەتی عێراق دەكەین دوای چەند رۆژێك پێچەوانە دەردەچێت، دیارە حكوومەتی عێراقیش ھیچ دەسەڵاتێكی بەسەر نەوتی كەركووكدا نییە".

هەولێر/بڵند ئیبراھیم



وشە - سلێمان تاشان