خەڵاتی باشترینەكانی وەرزیی رابردووی خولی ئیسپانیا

:: AM:11:02:13/11/2018 ‌

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئەمڕۆ سێشەم ناوی براوەی سەرجەم خەڵاتی باشترینەكانی وەرزی رابردووی خولی ئیسپانیا (2017-2018)ی ئاشكرا كرد.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنە 2 خەڵاتی رۆژنامەكەی بردەوە كە ئەوانیش برێتی بوون لە خەڵاتی باشترین یاریزان و گۆڵكاری خولەكە بە تۆماركردنی 34 گۆڵ لە وەرزی رابردوودا.

رۆژنامەكە خەڵاتی باشترین ناوبژیوانی خولی ئیسپانیای بەخشی بە كارلۆس دێل سێرۆ گراندی.

هەرچەندە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ناسناوی خولی ئیسپانیای بەدەستهێنابوو، بەڵام رۆژنامەكە خەڵاتی باشترین راهێنەری خولەكەی بەخشی بە مارسیلینۆ گارسیا تۆرالی راهێنەری یانەی ڤالێنسیا.

ئییاگۆ ئەسپاسی هێرشبەری یانەی سێلتا فیگۆش خەڵاتی (زارا)ی بەدەستهێنابوو وەك گۆڵكاری بەڕەگەز ئیسپانی كە توانیبووی وەرزی رابردوو 22 گۆڵ تۆمار بكات.

گۆڵپارێزی سلۆڤینی یان ئۆبلاك لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید پێش گۆڵپارێزی ئەڵمانی مارك ئەندرێ تیر شتیگن لە یانەی بەرشەلۆنە كەتبووەوە و خەڵاتی (زامۆڕا)ی وەك باشترین گۆڵپارێزی وەرزی رابردووی خولەكەی بردەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م