بەر لە یارییەكەی بەرشەلۆنە.. ئەتلەتیكۆ مەدرید گورزێكی كوشندەی پێ كەوت

:: AM:11:34:13/11/2018 ‌

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید گورزێكی كوشندەی بەركەوت بەر لە ئەنجامدانی یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا.

ماڵپەڕی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاشكرای كرد كە بەرگریكارە سەرەكییەكەیان دییگۆ گۆدینی ئۆرگوایی تووشی پێكانی ماسولكەكانی رانی چەپی هاتووە و بەهۆیەوە ماوەی 3 یان 4 هەفتە لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە دوای تەواوبووی یارییە ناودەوڵەتییەكان رۆژی 24ی ئەم مانگە بەهێزترین یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیای بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری هەیە.

یانەكە جگە لە پێكانی گودین، هەر لە هێڵی بەرگریدا پێكانی 3 یاریزانی تریشی هەیە كە ئەوانیش برێتین لە خۆسێ ماریا خیمینێز و لوكاس هێرناندێز و ستیڤان ساڤیچ، بەمەش دییگۆ سیمیۆنی راهێنەر بۆ یارییەكەی داهاتووی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە كێشەی گەورەی لە هێڵی بەرگریدا دەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا ركابەری سەرەكی یەكترین بۆ بردنەوەی ناسناوەكە، دوای ئەنجامدانی 12 یاری یانەكەی یەكەم بە 24 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانە و یانەكەی دووەمیش هاوشانی یانەكانی سڤیلییە و ئەلاڤێس بە 23 خاڵ لە دواوەی ئەوەوە دێن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م