بزانە سۆلاری چەند ساڵی تر لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەمێنێتەوە؟

:: AM:11:46:13/11/2018 ‌

سانتیاگۆ سۆلاری دوێنێ دووشەم گرێبەستی بەردەوامی لە ئەركی راهێنەرایەتی تیپی یەكەمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئیمزا كردووە دوای ئەوەی چەند هەفتەیەك لەشوێنی جولین لۆپیتیگی وەك راهێنەری كاتی یانەكە دیاری كرابوو.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە سۆلاری بە ئامادەبوونی فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئیمزای لەسەر گرێبەستە نوێیەكەی لەگەڵ یانەی شاهانە كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان گرێبەستەكەی سۆلاری لەگەڵ یانەی شاهانە تا هاوینی 2020ە.

لە گرێبەستەكەدا هەروەها هاتووە كە سۆلاری دەتوانێ بۆ ماوەی ساڵێكی تریش ئیمزاكەی نوێ بكاتەوە و لە راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید بەردەوام بێت.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لەسەرووی هەمووشیانەوە پێرێز دڵخۆشن بە ئەنجامە سەرەتاییەكانی سۆلاری دوای ئەوەی لەسەردەستی راهێنەرەكەی پێشوویان لۆپیتگی نزیكبوون ناسناوەكانی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەدەست بدەن.

یانەی شاهانە لەسەردەستی سۆلاری لە 4 یاریی رابردوودا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستاش بە 20 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و جیاوازیان لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگ تەنیا 4 خاڵە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م