داوای گونجاندنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان لە بودجەی عێراق دەکرێ

:: PM:12:16:13/11/2018 ‌
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ نامەیەك بۆ بەغدا دەنێرین بەمەبەستی پێدانی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی تشرینی دووەم، مەحموود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەمڕۆ نامەیەك ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكەین.

وەزیری شەهیدان گوتی، لەو نامەیەدا دووپات دەكەینەوە پێویستە هاوكاریی مانگانەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019 جێی بكرێتەوە و لە بەغداوە پارەكە دابین بكرێت.

ئاشكرای كرد كە ئێستە100 هەزار وارسی شەهیدان و ئەنفال و زیندانییانی سیاسیمان هەیە، ئەو پارەیەشی لە هەرێم پێیان دەدرێت، 44 ملیار دینارە، بەڵام ئەگەر لە بەغداوە پێیان بدرێت، ئەوا پارەكە زیاد دەكات بۆ 108 ملیار دینار، چونكە مووچەكانیان زیاد دەبێت.

لەبارەی سوودمەندبوونی كەسوكاری شەهیدان لە خوێندنی زانكۆ ناحكوومییەكان بۆ ئەمساڵ گوتی، لە ژمارەیەك لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەك پێویست هاوئاهەنگی ئێمەیان نەكردووە لەكاتی خۆیدا، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ڕەزامەندییان نیشان دا لەسەر تەرخانكردنی 16 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە بۆ خوێندنی (2016 ـ 2017) بۆ كرێی خوێندنی (2017 ـ 2018)ش لە هەوڵداین و بەدڵنیاییەوە ئەو پارەیەش خەرج دەكرێت بەبێ‌ هیچ گرفتێك.



وشە - رامیار جەواد