راكان جبووری لە كەركووك زمانی كوردی قەدەغە دەكات

:: PM:12:31:13/11/2018 ‌

راكان جبووری پارێزگارە نایاساییەكەی كەركووك، داوا لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك دەكات، زمانی كوردی لەسەر تابلۆی بینایەی فەرمانگەكان لا ببەن.

لەوبارەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی گوت، راكان جبووری داوای لە فەرمانگەكانی كەركووك كردووە، ئەو تابلۆیانەی لەسەر فەرمانگە حكوومییەكانە و بە زمانی كوردی نوسراون دەبێت لاببرێن.

ئەو گوتی جبووری هەڕەشەی كردووە هەر بەرپرسێك فەرمانەكەی جێبەجێ نەكات، ئەوا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە و پێویستە لە ماوەیەكی دیاریكراودا نووسراوە كوردییەكە بسڕێتەوە.

عەسكەری دەڵێت "راكان جبووری بە تاكڕەوی دەستوور و یاسا پێشێل دەكات و بۆ ئەمەش پێویستە پەرلەمانتارانی كەركووك و سەرۆك كۆمار بێدەنگ نەبن و لە دادگای باڵای ئیداری عێراق دۆسیەیەك لەسەر جبووری بكەنەوە."

بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك توانای هیچ هەڵوێستێكی یاسایی نییە و پەكی كەوتووە و لە كەركووك شوێنێك نییە بە ناوی ئەنجوومەنی پارێزگا و هیچ دەسەڵاتێكی نییە.

جێی باسە لەدوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، راكان جبووری وەك پارێزگاری كەركووك دەستنیشان كرا لە كاتێكدا پارێزگاری یاسایی كەركووك دكتۆر نەجمەدین كەریمە. ئەنجوومەنی پارێزگا لەو كاتەوە نەیتوانیوە كۆ ببێتەوە و پارێزگایەكی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

كەركووك/چیا كەركووكی



وشە - سلێمان تاشان