گەواهیدان بە درۆ دەبێتە پیشەیەكی نوێی عێراقییەكان.. دادگا هۆشداری دەدات

:: PM:12:59:13/11/2018 ‌

دادگای لێكۆڵینەوەی بەغدا هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی لە بەردەم دەرگای دادگا وەستاون بۆ ئەوەی گەواهی درۆینە بۆ تێپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان بدەن، بەتایبەت لە دۆسیەكانی باری شارستانی. دادوەرێكیش دەڵێ ئەوانە بەگوێرەی یاسا بەپێی مادەی 251 تا 257 سزا دەدرێن.

ماوەیەكە كۆمەڵێك خەڵك لە بەغدا لە بەردەم دەرگای دادگا دەوەستن و كار و پیشەیان بووەتە شایەتیدان و گەواهیدان بۆ خەڵكانی تر بەرانبەر بە بڕێك پارە بۆ هەر دۆسیەیەكی دادگا كە پێویست بكات.

محەمەد خالید عەبدەلی دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی بەغدا دەڵێ، گەواهیدانی درۆینە ئێستە رەواجی باشی پەیدا كردووە، كەسانێك لە بەردەم دەرگای دادگا دەوەستن ئامادەن بۆ هەموو گەواهیدانێكی درۆینە لە پێناو وەرگرتنی بڕێك پارە.

گوتی "دیارترین ئەو دۆسیانەی كە گەواهیدانی درۆینە تێیدا رەواجی هەیە، دۆسیەكانی باری كەسییە، لەوانە جیابوونەوەی هاوسەران یان پەسندكردنی جیابوونەوەی دەرەكی، یان دۆسیەی نەفەقە، لەگەڵ دۆسیەی هەڕەشە".

لە بارەی ئاشكرابوونی گەواهیدانی درۆینە و مامەڵەی یاسا لەگەڵیدا، ئەحمەد حوسێن جواری دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوە دەڵێ، دوای گرتنەبەری كۆمەڵێك رێوشوێن لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوە دژ بەو كەسانەی گەواهیدانی درۆینە دەدەن پاش سەلماندن، ئەوا بەپێی مادەی 252ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەكەی رەوانەی دادگای كەتن دەكرێت، لەوێ دادگا بڕیار لەسەر ئەو تاوانە دەدات كە گەواهیدەری درۆینە ئەنجامی داوە.

گوتی "بەپێ یاسا سزای ئەو كەسانە گرتنە بۆ ماوەی سێ مانگ تا پێنج ساڵ، لەگەڵ سزای پێژماردن لە 201 هەزار تا یەك ملیۆن دینار".

جێی باسە بەپێی یاسا دوای سەلماندنی گەواهیدانی درۆینە، ئەوا دۆسیەكە كە بڕیاری كۆتایی لەسەر دراوە، هەڵوەشێنرێتەوە و جارێكی تر رێكارە یاساییەكانی لەسەر جێبەجێ دەكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق