هەزار و 200 ئاهەنگی مەولود لەو مانگە لە هەرێمی كوردستان دەکرێت

:: PM:02:34:13/11/2018 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە مانگی مەولوود زیاتر لە هەزار و 200 ئاهەنگ لە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكان بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی تشرینی دووەمن مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە، لەو مانگەی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام زیاتر لە هەزار و 200 ئاهەنگ لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەمزگەوت و تەكیە و خانەقاكان بەڕێوەدەچێت.

ئاشكرای كردووە، پێشبینی دەكرێت لەكۆی گشتی ئەو ئاهەنگانەدا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەشداری بكات لەژن و پیاو و منداڵ و باوەڕدارانی ئاینە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لەنیوەی ئەم ئاهەنگانەش لەسنووری پارێزگاكانی هەولێر و هەڵەبجە دەبێت.

پێشتر نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەم لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمیە و چەند بۆنەیەكی جۆراجۆر بەڕێوە دەچێت.

شاری هەولێر ساڵانە لە مانگی مەولوود زۆرترین ئاهەنگی تیادا ساز دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد