ئاوى باران چووه‌ ناو بانكێك و زیاتر له‌ 12 ملیار فه‌وتاوه‌

:: PM:03:07:13/11/2018 ‌
پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق ئاشكراى ده‌كات به‌ هۆى چوونى ئاوى باران بۆ ناو گه‌نجیانه‌كانى بانك، زیاتر له‌ حه‌وت ملیار دینار فه‌وتاوه‌، لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ" حه‌وت نییه‌ زیاتر له‌ 12 ملیار دیناره‌".

 دوێنێ له‌كاتى ئاماده‌بوونى له‌په‌رله‌مانى عێراق عه‌لى عه‌لاق پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق ئاشكراى كرد، له‌ ساڵى 2013 له‌كاتێك ئاوى باران چووه‌ته‌ ناو گه‌نجینه‌كانى بانكى ناوه‌ندى عێراق زیاتر له‌ حه‌وت ملیار دینار به‌ هۆى بارانه‌وه‌ تێكچووه‌ و فه‌وتاوه‌.
 
 كه‌چى ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ئه‌م زانیاریانه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پاره‌ى پێشتر فه‌وتاوه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى باسى لێوه‌ كردووه‌.
 
 ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌رى" بغداد الیوم"ى عێراقى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مان به‌ڵگه‌ى لایه‌ كه‌ زیاتر له‌ 12 ملیار دینار به‌ ئاوى باران فه‌وتاوه‌".

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید گوتیشى " ئه‌و كاته‌ى رووداوه‌كه‌ روویداوه‌، عه‌لاق به‌رپرسیارێتى له‌ بانكى ناوه‌ندى نه‌بووه‌".

دوێنێ له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنى په‌رله‌مان، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى و به‌رێوه‌به‌رى بانكى بازرگانى عێراقى ئاماده‌بوون.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل