مەحما خەلیل قایمقامی شنگال: هاوئاهەنگی زۆر لە نێوان حەشدی شەعبی و پەكەكە هەیە

:: PM:04:46:13/11/2018 ‌
مەحما خەلیل قایمقامی شنگال لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە"، ئاماژە بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال دەكات و حەشدی شەعبی و پەكەكەیش بە "ڕێگری لە بەردەوم ئیدارەی شارۆكەكە" بە هۆكار دەزانێ‌. وەك ئاماژەی بۆ دەكات، تا ئیدارەی شنگال نەگەڕێتەوە، خزمەتگوزاری ناگاتەوە ئەو سنوورە. 
لەبارەی مانەوەی پەكەكە لە شنگال خەلیل دەڵێ‌، "دەبێ‌ حكوومەتی عێراق وەڵامی ئەوە بداتەوە كە بۆچی تا ئێستە پەكەكە لەوێ‌ ماونەتەوە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی گەڕاندنەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال هاتە پێشەوە، ئێستە دۆخەكە بە كوێ‌ گەیشتووە؟
دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە و ئاڵۆزی هەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و پارێزگاری شارەكە، من چوومەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال دەست بە كارەكانی بكاتەوە، بۆ ئەوەی رێ‌ بۆ دەست پێكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بدەین، هاوكات بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال، رێ‌ لەو پێشێلكارییانەی حەشدی شەعبی بگرین كە بەردەوام لە شنگال ئەنجامی دەدەن، بەڵام بەهۆی ڕێگری چەند كەسێك دۆخەكە بەتەواوی تێكچوو، ئێستە بڕوامان وایە دەبێ‌ حكوومەتی عێراق دەست بخاتە ئەو كێشەیە و حیساب بۆ دامەزراوە شەرعییەكانی شارۆكەكە بكرێ‌.

بە ڕوونی دەزانن كێ بوون ئەوانەی ڕێگرییان لە گەڕاندنەوەی ئیدارەی شنگال كرد یان خەڵكی ئاسایی بوون؟
ئەوانەی ڕێگرییان لە گەڕاندنەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال كرد، حەشدی شەعبی و پەكەكە بوون، تەنانەت هەندێك خەڵكیان تێدابوو عێراقی نەبوون و خەڵكی سووریا بوون كە خۆپێشاندانیان دەكرد، ئێمە ڕێزمان لێ‌ گرتن و گەڕاینەوە، بەڵام پێمان گوتن لە دنیادا نەبووە خۆپێشاندان لەناو بازگەی سەربازی بكرێ، لە كاتێكدا پێشتر دڵنیایی درابوو بە ئێمە كە حكوومەتی عێراق پارێزگاری لە ئیدارەی شەرعی شنگال دەكات، بەڵام دەركەوت یاسا لەو سنوورە نییە و حكوومەتی عێراقیش هیچ دەسەڵاتێكی نییە.

زۆرجار باس لەوە دەكرێ حەشدی شەعبی تاوان لە شنگال ئەنجام دەدات، بەڵام دەگوترێ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی ئیدارەی شنگال كردووە خەڵكی ئاسایی تێدا بووە؟
لەكاتی گەڕانەوەی ئێمەدا چەندان هەزار لە خەڵك هاتن بە گوڵەوە پێشوازییان لێ‌ كردین، ئەوانەی ڕێگرییان كرد لایەنگری پەكەكە و حەشدی شەعبی بوون و ئاژاوەیان نایەوە و دەیانویست ئێمەیش وەك ئەوان وەڵام بدەینەوە، بەڵام ئێمە ڕێزمان لە خۆپێشاندەران گرت. 
بابەتەكە تەنیا گەڕانەوەی من نییە، لەگەڵ مندا دوو هەزار فەرمانبەری تر هەیە و دەبێ‌ پارێزگارییان لێ‌ بكرێ، ئێمە دەمانەوێ‌ بگەڕێینەوە و كار لەسەر چەند دۆسیەیەكی گرنگ بكەین بەتایبەت خزمەتگوزاری و قەرەبووكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.

ئەگەر دەسەڵاتی بەغدا لەوێ‌ نییە، كێ‌ حوكمی ئەو سنوورە دەكات؟
دەبێ‌ ئەو پرسیارە لە بەغدا بكرێ‌، ئێستە دەسەڵاتێكی سەربازی لەوێ‌ حوكم دەكات، بەغدا بە ئێمەی گوتووە چارەسەری دۆخەكە دەكەین، بەڵام جاری چاوەڕێ‌ بكەن، ئەوان بەڵێنیان داوە پارێزگاری لە ئیدارەی شەرعی شارەكە بكەن لەكاتی گەڕانەوەدا.

هێشتا هاوئاهەنگی لە نێوان پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال هەیە؟
پەكەكەیش دەستی لە ئاڵۆزی دروستكردن بە نەگەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شارۆكەكە هەبوو، هێشتایش هاوئاهەنگی زۆر لە نێوان حەشدی شەعبی و پەكەكە هەیە و زۆربەی هاوئاهەنگییەكانیش سەربازین، مانەوەی پەكەكە پێوەندی بە بەغداوە هەیە، ئەوان دەتوانن قسەی لەسەر بكەن، چونكە ئێستە شنگال لەلایەن دەسەڵاتێكی سەربازیی بەغداوە حوكمی دەكرێ‌، دەبێ‌ ئەوانیش وەڵامی ئەوە بدەنەوە بۆچی پەكەكە هێشتا لە شنگال ماونەتەوە؟.
 " هیچ پلانێك بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال نییە تا ئیدارەی سنوورەكە نەگەڕێتەوە"

هیچ هەنگاوێك بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال هەیە، ئایا پێداویستییەكی وا لە بودجەی نوێی عێراق جێی كراوەتەوە؟
هیچ پلانێك بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال نییە تا ئیدارەی سنوورەكە نەگەڕێنەوە و كارەكان دەست پێ نەكەنەوە، دواتر كێ‌ كار بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال بكات لە كاتێكدا ئیدارە لەو شارەدا نییە؟، پارێزگاری مووسڵیش هیچ پلانێكی بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال نییە و لە پڕۆژەی بودجەی نوێی عێراقیش هیچ پارەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی شنگال دابین نەكراوە.

دەمەوێ‌ زانیاری لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان وەربگرم بۆ ئەوەیان چی كراوە؟
لیژنەیەك هەیە كار بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەكات و سەردانی شنگالی كردووە، بەڵام بێگومان ئەوەیش پێوەندی بە نەگەڕاندنەوەی ئیدارە هەیە، ئەوان كار ناكەن تا ئیدارەی شنگال نەگەڕێتەوە بۆ سەر كارەكانی.

ئەگەر بگەڕێنەوە، پێتان وا نییە جارێكی تر تووشی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە؟
ئەگەر ئەو ئاڵۆزییە نەبووایە، ئەوە پێمان وایە كارەكان دەكەوتنە سەر سكەی خۆیان، بە مەرجێك ئیدارەی مووسڵ بەڵێنەكانی بەرانبەر بە شنگال جێبەجێ‌ بكردایە، ئێمە بەو جۆرە ناگەڕێینەوە بۆ شنگال كە حەشدی شەعبی ڕێ‌ بە هەندێك لە خەڵك بدات و ڕێ‌ بە هەندێك خەڵكی تر نەدات بگەڕێنەوە شارۆكەكەیان، ئەو كارە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە با مەترسییەكان لەسەر شنگال لاببەین، لەكاتی گەڕانەوەی ئێمە بۆ شنگال، قەناس بەدەست لەسەر خانووەكان هەبوون و مەترسیی هەبوو تەقەمان لێ‌ بكەن.

پێتان وایە جارێكی تر مەترسی داعش لەو سنوورەدا هەیە؟
بەڵێ‌ بەو دۆخەی ئێستەوە، مەترسی داعش لە شنگال زیاتر دەبێ‌ و جموجووڵیان هەیە.

خەڵك داوات لێ بكات تۆ دەست لەكار بكێشیتەوە، ئامادەی؟
ئەگەر دۆخی شنگال بە دەست لەكاركێشانەوەی من چارەسەر دەبێ‌، بەڵێ ئامادەم دەست لەكار بكێشمەوە، بەڵام خەڵك داوام لێ دەكات بگەڕێمەوە بۆ شنگال و كار بكەم، ئێستە 85%ی خەڵكی شنگال لەناو شنگال نین، دێنە لای من كارەكانیان بۆ دەكەم و داوای گەڕانەوەم دەكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم