پەكەكە ڕێ‌ لە كاركردنی بنكە تەندروستییەكانی بناری قەندیل دەگرێ‌.. هاووڵاتییان هەراسان بوون

:: PM:05:04:13/11/2018 ‌
دانیشتووانی سنووری بناری قەندیل ئاماژە بەوە دەكەن، پەكەكە ڕێ‌ لە كردنەوەی بنكە تەندروستییەكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێ‌ لەو سنوورە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار بن سەردانی بەشی تەندروستی ئەوان بكەن و لەلایەن بنكە تەندروستییەكانی ئەوانەوە چارەسەر بكرێن.

كاروان علی دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی بناری قەندیل بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە گوندەكەمان بنكەیەكی تەندروستی هەیە، بەڵام كارمەندانی تەندروستی جار هەیە هەفتەی رۆژێكیش دەوام ناكەن و لێپرسینەوەیشیان لەگەڵدا ناكرێت، ئەوەیش گرفتی زۆری بۆ دروست كردووین، چونكە هەر كاتێك نەخۆش دەكەوین دەبێت بۆ چارەسەر كردن بچینە نەخۆشخانەی پەكەكە لەبەر ئەوەی نەخۆشخانەكانی قەڵادزێ و ڕانیەمان لێ دوورە.

زیاتر گوتی، بە چەند گوندێك بنكەیەكی تەندروستییمان هەیە ئەو بنكەیەیش هیچ جێی ئومێد نییە بۆ هاووڵاتییان، لەبەرئەوەی لەكاتی نەخۆشیی لەپڕ چارەسەری نەخۆش ناكات و ئەگەر بەمشێوەیە بێ‌ دابخرێ‌ باشترە.

ئەو بنكە تەندروستییانەی ڕێ‌ لە كردنەوەیان دەگیرێ سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و دەكەونە سنووری بناری قەندیل كە گەریلاكانی پەكەكە تێیدا دەسەڵاتدارن.

هەردی سلێمان یەكێكە لە كارمەندەكانی بنكەی تەندروستی بناری قەندیل بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پەكەكە زۆر بەلایەوە گرنگ نییە كە ئەو بنكە تەندروستیانە دەوامیان تێدا بكرێت، لەبەرئەوەی خۆیان ناوەندێكی تەندروستییان هەیە لە گوندی "بۆكریسكان" لە بناری قەندیل و كارمەند و پزیشك و ئامێری تایبەتی تێدایە، ئەوان دەیانەوێت هەموو خەڵك بچێتە ئەو ناوەندە تەندروستییە و كارمەندەكانی بنكەكانی سەر بە وەزارەتی حكومەتیش ناچار بكەن لەوێ كار بكەن.

دووپاتیان لەوە كردەوە كە پەكەكە مەبەستی لەو كارە ئەوەیە ناو و ناوبانگی ناوەندە تەندروستییەكەیان و كارمەندەكانی خۆیان زیاتر بێت.

لە سنووری بناری قەندیل 63 گوند هەیە كە بەسەر پێنج دۆڵ لە بناری قەندیلدا دابەش كراون، ئەوانیش دۆڵەكانی (مارەدوو و و دۆڵی قەڵاتووكان دۆڵی ناودەشت و دۆڵی باڵەییان و دۆڵی شارۆشیان)ە، لەو گوندانە تەنیا گەریلاكانی پەكەكە دەسەڵاتیان هەیە.

هاوكات لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی راپەڕین 100 بنكەی تەندروستیی هەیە و لەو رێژەیەیش 10 بنكەیان دەكەونە بناری قەندیل كە گەریلاكانی پەكەكە تێیدا دەسەڵاتدارە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم