سوودە شاراوەكانی سیر بزانە

:: PM:08:31:13/11/2018 ‌

سەرەڕای بۆنە بێزاركەرەكەی، زۆرێك لە ئێمە سیر راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە خۆراكمان بەكار دێنین، بێ ئەوەی تەواو شارەزای سوودەكانی ببین، بۆیە زانینی تەواوی سوودەكان رەنگە ببێتە هاندەر بۆ ئەوانەی تا ئێستە خۆیان لە خواردنی پاراستووە، بۆ بەكارهێنانی و بێبەش نەبوون لە سوودەكانی. 

میسڕییە كۆنەكان و بابلییەكان و یۆنانییەكان و رۆمانی و چینییەكانیش بە بەردەوام سیریان خواردووە و وەك دەرمان بەكاریان هێناوە، وەك ماڵەپەڕی "ستاندەرد میدیا"ی بەریتانیا باسی لێوە دەكات. 

بەها پزیشكییەكەی سیر خۆی لە پێكهاتە كبریتییەكەی دەبینێتەوە كە بە "ئەلیسین" ناسراوە، كە ئەو كات دروست دەبێت كە سیرەكە قاش دەكرێت یان دێتە هاڕین و هەنجنكردن، ئەو گیراوەی كە هەروەها بەرپرسە لە بۆنە نەخوازراوەكەی سیر.

پیتەر مكلاسكی، دامەزرێنەری فێستیڤاڵی تۆرنتۆ بۆ سیر دەڵێت، سیر مادەی دابەزێنەری چەوری تیادایە و نایەڵێت خوێن بمەیێت و لەدژی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن كار دەكات و رێگری لە توشوبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دەكات، جیا لەوەی وەك دژە ئۆكسێنەر و میكرۆب كار دەكات. 

توێژینەوەكان دەریان خستووە كە سیر سیسیتەمی بەرگری لەش بەهێز دەكات و لە سەرمابوون دەتپارێزێت و رێگری لە ژەهراویبوونی خۆراك لە رێگەی لەناوبردنی بەكتریاكان دەكات.

تۆ دەتوانیت پێیەكانت بخەیتە ناو ئاوی سیر یان بە لێخشاندنی سیر لە پێكانت بیانپارێزیت لە هەوكردن و فتریات، جیا لە بەكارهێنانی وەك قڕكەری مێشوولە كە راستەوخۆ لەسەر پێست دادەنرێت یان لە نزیك شوێنی خەوتنت.

سیر سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆل و پاڵەپەستۆی خوێن و یارمەتی رێگرتن لە تووشبوون بە ئەلزەهایمەر (خەڵەفان) دەدات، هەروەها ماندووبوون كەم دە كاتەوە و توانای كاركردن زیاد دەكات بەتایبەتی لەكاتی وەرزشكردن، بەڵام پێویستە بگوترێت كە سوودەكانی زیاتر ئەوە كاتەی سیرەكە فرێشە، واتە كۆن نەبێت یان بە كوڵاوی نەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل