به پێچه‌وانه‌وه‌ى زۆربه‌ى كتێبه‌كانى تر، ئه‌و كتێبه ئامۆژگاریمان ده‌كات كه‌مته‌رخه‌م بین له ژیان. به‌پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ى كه هه‌میشه له دایك و باوك و مامۆستا و پیاوه ئاینییه‌كان و رێنیشانده‌ره‌كانى ژیان گوێمان لێ ده‌بێت و پێمان ده‌ڵێن "هه‌وڵ بده". ئه‌و كتێبه پێمان ده‌ڵێ، "هه‌وڵ مه‌ده"، ئه‌م ئامۆژگارییه‌ش هه‌ر به شێوازى فه‌رمانى داخوازى كراوه‌ته ناونیشانى به‌شى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه.
ره‌نگه له‌م رستانه‌ى سه‌ره‌وه هه‌ست به ڕه‌شبینى بكه‌ین، به‌تایبه‌تى كاتێك لاپه‌ڕه‌كانى به‌شى یه‌كه‌م ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بینین باس له ژیانى "چارلس بۆكۆڤیسكى" ده‌كات. بۆكۆڤیسكى كێیه؟ چه‌نده گرنگه له سه‌ره‌تاى كتێبێك باس له‌و كه‌سایه‌تییه بكرێت، كه كتێبه‌كه بیه‌وێ ژیانى ملیۆنان كه‌س بگۆڕێت؟ هه‌ڵسه‌نگاندێكى دادپه‌روه‌رانه بۆ ناساندنى بۆكۆڤیسكى ره‌نگه ئه‌وه بێت بڵێین "فاشیلترین نووسه‌ر له مێژووى ئه‌ده‌ب، خراپترین شاعیر، دزێوترین پیاو كه ته‌نیا دوو خه‌ونى هه‌یه، یه‌كه‌میان ببێت به نووسه‌ر به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، دووه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ر چركه‌ساتێكى بۆ ره‌خسا، ئه‌وا مه‌ست بێت و له باوه‌شى دزێوترین له‌شفرۆش بێت.
بۆكۆڤیسكى كار بۆ خه‌ونى یه‌كه‌مى ناكات، به‌ڵام بۆ دووه‌میان زۆر ماندووه. هه‌رچه‌نده بۆ خه‌ونى یه‌كه‌مى هه‌وڵى نه‌داوه، به‌ڵام زۆر دره‌نگ ئه‌م مرۆڤه ده‌بێت به نووسه‌رێكى به‌ناوبانگ و دواجاریش به‌ملیۆنان دانه له كتێبه‌كانى ده‌فرۆشرێت، دواى مردنیشى له‌سه‌ر كێلى گۆڕه‌كه‌ى نووسراوه "هه‌وڵ مه‌ده".
ئایا ئه‌و كتێبه ئه‌و وانه و ره‌وشتانه‌مان فێر ده‌كات؟ ئه‌ى چى له‌باره‌ى ناونیشانى دووه‌م "ژیانێكى دژه‌باو بژى"؟ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته ئاماژه بۆ ناونیشانى ته‌واوى كتێبه‌كه بكرێت "هونه‌رى كه‌مته‌رخه‌مى- ژیانێكى دژه‌باو بژى"، ئه‌م كتێبه له 272 لاپه‌ڕه پێكهاتووه و له‌لایه‌ن مارك مانسۆنه‌وه نووسراوه.
كاتێك فێرى ئه‌وه‌مان ده‌كات له ژیان كه‌مته‌رخه‌م بین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجى كتێبه‌كه ئه‌وه نییه ببین به بوونه‌وه‌رێكى بێ كه‌ڵك، به‌ڵكو خوێنه‌ر له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و كتێبه، ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ى بۆ دووپات ده‌بێته‌وه، ئه‌و كتێبه‌ش وه‌ك سه‌دان و هه‌زاران كتێبى تر ئامانجه‌كه‌ى ده‌رخستن و په‌ره‌پێدانى تواناكانى تاكه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى دژه‌باو.
له كاتێكدا هه‌موو مرۆڤه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه "بایه‌خدان" مرۆڤ پێش ده‌خات و تاك بایه‌خ به هه‌ر شتێك بدات، ئه‌وا ده‌بێته خاوه‌نى و تێیدا پێش ده‌كه‌وێت، ئه‌و كتێبه ده‌ڵێ، "زۆرجاریش بایه‌خدان مرۆڤ ناكات به خاوه‌نى هیچ شتێك، ته‌نانه‌ت مرۆڤى وا هه‌یه ساڵانێكى زۆر شه‌ڕێكى دۆڕاو ده‌كات". بۆیه زۆرجار "كه‌مته‌رخه‌مى" ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه‌ش "بایه‌خدان".
به واتاى ئه‌وه‌ى زۆرجار بایه‌خ به شتێك ده‌ده‌یت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ى وه‌ك پێویست به‌دڵى تۆ نابێت و كه‌سانێكیش هه‌ن له به‌رانبه‌ر شتێك "كه‌مته‌رخه‌م" ده‌بن، كه‌چى تێیدا ئه‌نجامى چاك به‌ده‌ست ده‌هێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نووسه‌ر پێشنیارى ئه‌وه ناكات، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى چاك له شتێك به‌ده‌ست بهێنێ، شه‌قى تێ هه‌ڵدا. نه‌خێر ئه‌و كۆمه‌ڵێك چه‌مكى تایبه‌ت به‌خۆى له كتێبه‌كه‌ى داده‌تاشێ، له‌وانه چه‌مكى سه‌ره‌كى "كه‌مته‌رخه‌مى ژیرانه"یه، ئه‌و ده‌یه‌وێ خوێنه‌ره‌كانى كه‌مته‌رخه‌م بن، به‌ڵام ژیر بن، ره‌نگه بڵێین ئه‌مه چۆن ده‌كرێت؟.
خاڵى سه‌ره‌كى و جه‌وهه‌ریى ئه‌و كتێبه ئه‌وه‌یه، بۆ مرۆڤى ئێسته نووسراوه، واته ئه‌و مرۆڤه‌ى بایه‌خ به هه‌موو شتێك ده‌دات، ده‌یه‌وێ جوان بێت، خاوه‌ن سامان بێت، خاوه‌ن هه‌موو شتێكى نوێ بێت، له هه‌موو شتێك براوه بێت و چه‌ندان ئامانج و بایه‌خى تر كه له زه‌ین و خه‌یاڵى هه‌ر مرۆڤێكى ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌ڵه‌كه بووه، رۆژانه‌ش به به‌رده‌وامى راگه‌یاندن خه‌یاڵ و خه‌ونى بۆ زیاد ده‌كات و بایه‌خى تر‌ى بۆ زیاد ده‌كات. لێره‌دا نووسه‌ر ده‌چێته سه‌ر خاڵى سه‌ره‌كى و ده‌ڵێ، "ئه‌و زێده بایه‌خدانه‌ت بوه‌ستێنه". ئه‌مه‌یه ره‌هه‌ندێكى گرنگى "كه‌مته‌رخه‌مى ژیرانه".
نووسه‌ر دووپاتى ده‌كاته‌وه، چه‌نده ئه‌و جۆره بایه‌خدانه له ژیانى مرۆڤ كه‌م بكرێته‌وه، ئه‌وا ئامانجى تاك روونتر ده‌بێت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئه‌و پێشنیارى ئه‌وه بۆ تاك ده‌كات "له خۆڕازیبوون و له خۆبایی‌بوون" كه‌م بكاته‌وه، وه‌ك ملیۆنان مرۆڤى ئێسته له ده‌ست "مه‌ینه‌تى" را نه‌كات، چونكه ژیان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پڕه له مه‌ینه‌تى، هه‌ڵاتن له "نه‌رێنییه‌كانى ژیان" شتێك نییه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانى مه‌ینه‌تى.
ته‌واوى كتێبه‌كه به هه‌موو چه‌مكاكانیه‌وه، ئاشتكردنه‌وه‌ى مرۆڤه به شته نه‌رێنییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ جارێكى تر ره‌زامه‌ندى بۆ دروست بێته‌وه و له "سفره"وه ده‌ست پێ بكاته‌وه، نووسه‌ر پێی وایه مرۆڤ به كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى ژیرانه، ده‌زانێ "بایه‌خ" به چى ده‌دات، له "شكسته‌كان" تێگه‌یشتنى بۆ هۆكاره‌كانى سه‌ركه‌وتن و دۆڕان باشتر ده‌بێت، له "كێشه‌كان" كامه‌رانى ده‌دۆزێته‌وه، چونكه ژیانى مرۆڤ زنجیره‌یه‌كه له "كێشه" كاتێك به‌سه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌ك زاڵ ده‌بێت، ئه‌وا هه‌ست به كامه‌رانى ده‌كات.
چه‌ندان نووسه‌ر و بیرمه‌ند وه‌سفى ئه‌و كتێبه‌یان كردووه، یه‌كێك له‌وانه دیریك سایفیرزه كه ده‌ڵێ، "كتێبێك پێچه‌وانه‌ى هه‌موو كتێبه‌كانه، هه‌وڵ مه‌ده، هه‌ڵه بكه، پێوه‌ره‌كانت نزم بكه‌وه، واز له‌وه بهێنه باوه‌ڕت به‌خۆت بێت، به‌دواى ئازار بگه‌ڕێ. هه‌موو ئه‌مانه به كورتى، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رسوڕهێنه‌ر، ئه‌م كتێبه‌م به‌یه‌ك شه‌و خوێنده‌وه".