وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە جەواد نەسروڵا، كوڕی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی خستووەتە ناو لیستی سزاكانی و وەك تیرۆریستێكی جیهانی ئەوی ناساند، وەك
"فرانس پرێس" گواستییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە جەواد نەسروڵا سەركردەی نوێ دەركەوتووی حزبوڵا، لە ماوەی ساڵانی دوایی خەڵكی رێكخستووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەدژی ئیسرائیل.
هاوكات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پێنج كەسی خستە ناو لیستی تیرۆر بەهۆی پێوەندیان بە میلیشیای حزبوڵای لبنانییەوە، جیا لە حسێبكردنی رێكخراوێكی فەڵەستینی وەك رێكخراوی تیرۆریستی، وەزارەتەكە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی گوتی، ئەو پێنج كەسە بریتین لە شبل موحسین زەیدی و یووسف هاشم و عەدنان حوسێن كەوسەرانی و محەمەد عەبدولهادی فەرەحات و جەواد نەسروڵا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا زیاتر گوتی، هەروەها گرووپی فەڵەستین "كەتیبەكانی موجاهیدین"، وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناسێندراوە، لەو كاتەی واشنتن حزبوڵای لبنانی لە 1995 خستووەتە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان كە دەستی لە چەندان كاری تێكدەرانە هەبووە.