عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق پێوەندی ئەرێنی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە لەبارەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەتی لەبارەی هەناردنی نەوتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و بە رۆژنامەوانانی گوت، پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەرێنین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەبارەی هەناردنی نەوتەوە.
لەبارەی تەواوبوونی پێكهاتەی كابینەكەی عەبدولمەهدی دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی كەمی داهاتوودا كابینەی حكوومەتەكەی تەواو دەبێت.
پێشتر لە راپۆرتێكی "رۆیتەرز" ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە نەوتی كەركووك یەكێكە لە بژاردەكانی ئەمەریكا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا كە بەهۆی سزاكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، مەترسی كەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دەكرێت.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەمەریكا پاڵەپەستۆی لەسەر بەغدا داناوە بۆ وەستاندن و هەڵپەساردنی هەموو گرێبەستەكانی كڕینی گازی سروشتی و نەوتی سپی و گازوایل لە ئێران.
حكوومەتی عێراق بۆ هەناردنی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیهان پێویستی بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە تا لە رێی بۆڕی نەوتی كوردستانەوە نەوتەكە بگەیەننە بەندەری جەیهان.
پێ دەچێت بەرپرسانی كوردستان بەرانبەر بە رازیبوونیان بەو رێككەوتننە، داوای زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بكەن، هاوكات دەبێت لەگەڵ كۆمپانیای روسنەفتی رووسیش گفتوگۆ بكات كە بەشێك لەو بۆڕییەی ساڵی رابردوو كڕیوەتەوە.