بەكارهێنانی گۆرانییەكانیان لەلایەن ترەمپ رەت دەكەنەوە

:: PM:11:04:13/11/2018 ‌

چەندان هونەرمەندی جیهانی رایان گەیاندووە كە دژی ئەوەن دۆناڵد ترەمپ گۆرانییەكانیان لە رێوڕەسم و بانگەشەكانی بەكاربێنێت.

لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتییەوە تا وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی، زۆرێك لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی جیهانی ناڕازین لە دۆناڵد ترەپ سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی گۆرانی و بەرهەمە هونەرییەكانیان لێ بدرێت لە رێوڕەسم و بۆنەكانی ئەو رێكیان دەخات و تیایاندا بەشدارە، تەنانەت هەندێكیان نامەی ناڕەزایەتییان ئاراستە كردووە. ئەم كەسایەتییە ناودارانەی خوارەوە بەشێكن لەو هونەرمەندانە:

*ریهانا: ئەستێرەی بەناوبانگی پۆپ دوای ئەوەی دەزانێت كە گۆرانییەكانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی دۆناڵد ترەمپدا بەكاردێت، ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت و تیمە یاساییەكەی نامەیەك لەبارەی كۆتاییهێنان بە بەكارهێنانی گۆرانییەكانی ئاراستەی كۆشكی سپی دەكەن.

*ئێڵتن جۆن: گۆرانیبێژی ناوداری ئینگلیزی، هەروەها پیانۆژەن و ئاوازدانەر، نایەوێت گۆرانییەكانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا بەكار بێت و دەڵێت، بیروبۆچوونەكانم تەواو جیاوازە لەوانەی ترەمپ.

*ئەدێڵ: گۆرانیبێژ و ئەستێرەی دیاری پۆپ و براوەی خەڵاتی گرامی، دژی بەكارهێنانی گۆرانییەكانییەتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمەریكادا، گوتەبێژی ئەدێڵ ئەمەی پشتڕاست كردووەتەوە و دەڵێت، ئەدێڵ هەرگیز رێی بە ترەمپ نەداوە گۆرانییەكانی بەكار بێنێت.

لەو هونەرمەند و تیپە میۆسیكیانەی تر كە ناڕازیبوون لە بەكارهێنانی گۆرانییەكانیان لەلایەن ترەمپەوە، كوین، برایان مەی، فارێڵ ویلیەمس، باندی زە رۆوڵین ستۆون، باندی ئاڕ ئی ئێم و نیڵ یونگ.

وشە/ محەمەد شابان






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل