توركیا.. هیچ كۆچبەرێكی كورد لەناو نقوومبووانی بەلەمەكەی پەناخوازاندا نییە

:: PM:11:10:13/11/2018 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێكی پەنابەران لە كاتی جێهشتنی كەناراوەكانی توركیا بەرەو یۆنان، ژێر ئاو كەوتووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پەنابەر بێسەروشوێن بوون، سەرۆكی فیدراسیۆنی پەنابەرانیش دەڵێت بەدواداوچوونیان بۆ رووداوەكە كردووە و پەنابەری كوردی تێدا نەبووە.

ئاری جەلال، سەرۆكی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەلەمێكی پەنابەران لە ناوچەی ئیزمیری توركیا لە كاتی جێهشتنی كەناراوەكان و بەڕێكەوتنی، ژێر ئاو كەوتووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پەنابەر بێسەروشێن بوون.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی لە لایەن نوێنەرمان لە توركیا بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە كرا، دەركەوت خۆشبەختانە هیچ پەنابەرێكی كورد لە ناو ئەو بەلەمە نەبووە، سەرجەمیان كەسی بیانی دەرەوەی عێراق بوون.

جەلال روونی كردەوە، ئێستە كە وەرزی زستانە، لە بری ئەوەی كۆچكردن كەم بێتەوە، رۆیشتنی پەنابەران بەردەوام هەیە و گوێ بە سەختی ڕێگا نادەن، بۆ ڕاگرتنی ئەو حاڵەتەش تەنیا هۆكار باشكردنی دۆخی سەختی هاووڵاتییان و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆیان.

بەپێی ئامارەكانی فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق كە بە "وشە" دراوە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 600 هەزار پەنابەر عێراقیان جێهشتووە و بەشی زۆریان هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن و تا ئێستە 125 پەنابەر خنكاون كە زیاتر لە نیوەیان پەنابەری هەرێمی كوردستان بوون و بە دەیان پەنابەریش بێسەروشوێن بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل