ئەردۆغان: ترەمپ و مێركڵ و ماكڕۆن گوێبیستی تۆماری دەنگی كوژرانی خاشقچی بوونە

:: PM:11:48:13/11/2018 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە تۆماری دەنگی كوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەوانی سعوودی لە ئیستەنبووڵ بێزاركەر بووە بۆ هەركەسێك گوێبیستی بووە وەك دۆناڵد تەرمپ و ئەنجیبَلا مێركڵ و ئیمانوێل ماكڕۆن. 

ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان لە كاتی قسەكردنی بۆ ژمارەیەك رۆژنامەوان هات لەناو فڕۆكەی سەرۆكایەتی لەكاتی گەڕانەوەی لە پاریس دوای بەشداریكردنی لەو رێورەسمی ساڵوەگەڕی  100 ساڵەی جەنگی جیهانی یەكەم لە فڕنسا.

ئەردۆغان زیاتر گوتی، كوژرانی خاشقچی پلان بۆ داڕێژراو بوو و روونە كە فەرمانی كوشتنەكە لە دەسەڵاتی باڵای سعوودیە دەرچووە، بەڵام ناكرێت بیر لەوە بكەینەوە كە لە شا سەلمانەوە دەرچووبێت كە رێزی بێ سنوورم بۆی هەیە.

ئەردۆغان ئاماژەی كرد كە بۆ سەرۆك ترەمپی روون كردووەتەوە بە پێویستی ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی فەرمانی كوشتنەكەی دەركردووە و چیتر پێویست بە گەڕان بە دوای تاوانكاران لێرە و لەوێ ناكات، چونكە تاوانكار لە نێوان ئەو 18 بەرپرسەی سعوودیەن، بەڵام پێویستە ئەو كەسە ئاشكرا بكرێت كە فەرمانی كوشتنەكەی داوە.

سەرۆكی توركیا دووپاتی كردەوە، تۆماری دەنگی كوژرانی خاشقچی لەلایەن هەریەك لە سعوودیە و ئەمەریكا و فڕەنسا و كەنەدا و ئەڵمانیا و ئینگلتەڕا گوێی لێ گیراوە و هەواڵگری توركیا هیچی نەشاردووەتەوە، هەروەها هەواڵگری سعوودیە گوێیان لە تۆمارە دەنگییەكە بووە بە تۆقێنەریان وەسف كردووە و گوتوویانە ئەوەی ئەو كارەی ئەنجام داوە دەبێت مادەی هیرۆوینی خواردبێت، ئەوەیش بەهۆی قێزەوەنی تاوانەكە كە كەسی ئاسایی ئەنجامی نادات. 

جەمال خاشقچی، رۆژنامەوان و نووسەر و راگەیاندنكاری سعوودی لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردوو لە كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ دیار نەما و دواتر سعوودیە دانی بە كوژرانی دانا لە ناو كونسوڵخانەكەی، بەڵام تا ئێستە تەرمەكەی دیار نییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل