ڕاكان جبووری لە بڕیارەكانی پێشووی پاشگەز بووەوە

:: AM:08:58:14/11/2018 ‌
ڕاكان جبووری پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی كەركووك لە دواین بڕیاری لە لابردنی نووسینی كوردی لەسەر نووسراوە فەرمییەكان، پاشگەز دەبێتەوە و زمانی كوردی دەگەڕێنێتەوە سەر نووسراوەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی دووەم، بەپێی نووسراوێكی فەرمی پارێزگای بەزۆر سەپێنراوی كەركووك بەشێوەیەكی فەرمی نووسینی كوردی بۆ سەر نووسراوەكان گەڕاندووەتەوە.

لە نووسراوەكەدا جارێكی تر نووسراوی كوردی بۆ سەر بڕیارە فەرمییەكانی پارێزگای كەركووك گەڕێنراوەتەوە و لە دوێنێ‌ دەرچووە.

هاوكات دوێنێ‌ ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی گوت، راكان جبووری داوای لە فەرمانگەكانی كەركووك كردووە، ئەو تابلۆیانەی لەسەر فەرمانگە حكوومییەكانە و بە زمانی كوردی نووسراون دەبێ لاببرێن.

ئەو گوتی جبووری هەڕەشەی كردووە هەر بەرپرسێك فەرمانەكەی جێبەجێ نەكات، ئەوا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە و پێویستە لە ماوەیەكی دیاریكراودا نووسراوە كوردییەكە بسڕێتەوە.

عەسكەری دەڵێت "راكان جبووری بە تاكڕەوی دەستوور و یاسا پێشێل دەكات و بۆ ئەمەش پێویستە پەرلەمانتارانی كەركووك و سەرۆك كۆمار بێدەنگ نەبن و لە دادگای باڵای ئیداری عێراق دۆسیەیەك لەسەر جبووری بكەنەوە."

بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك توانای هیچ هەڵوێستێكی یاسایی نییە و پەكی كەوتووە و لە كەركووك شوێنێك نییە بە ناوی ئەنجوومەنی پارێزگا و هیچ دەسەڵاتێكی نییە.

جێی باسە لەدوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، راكان جبووری وەك پارێزگاری كەركووك دەستنیشان كرا لە كاتێكدا پارێزگاری یاسایی كەركووك دكتۆر نەجمەدین كەریمە. ئەنجوومەنی پارێزگا لەو كاتەوە نەیتوانیوە كۆ ببێتەوە و پارێزگایەكی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت.





وشە - رامیار جەواد