هیگواین سزا درا

:: AM:09:16:14/11/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا سزای بەسەر گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی میلان سەپاند بەهۆی ئەو كارتە سورەی لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس بەڕوویدا بەرز كرابووەوە.

یەكشەمی رابردوو لە یاریی لوتكەی گەڕی 12ی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا یانەی میلان لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانیدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس دۆڕا.

لە گێمی دووەمی یارییەكە لە خولەكانی كۆتاییدا بەهۆی زێدەڕۆیكردن لە ناڕەزایی دەربڕین، ناوبژیوان كارتی سووری بەڕووی هیگواین بەرز كردبووەوە.

هەر لەسەر ئەم كارتە سوورە، یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا دوێنێ سێشەم بەفەرمی سزای راگرتنی 2 یاریی تری بەسەر هیگواین سەپاند.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە هیگواین هەر دوای یارییەكە داوای لێبوردنی لە هاندەرانی یانەی میلان كردبوو و جەختی كردبووەوە كە لە یارییەكەدا تووشی هەڵچوون ببوو بۆیە ئەم هەڵسوكەوتەی دژی ناوبژیوان ئەنجامدابوو.

بەمەش هیگواین ناتوانێ لە دوو یاریی داهاتووی یانەی میلان لە خولی ئیتاڵیا بەرامبەر یانەكانی لازیۆ رۆژی 25ی ئەم مانگە لەگەڵ یاریی بەرامبەر پارما لە رۆژی 2ی مانگی داهاتوو یاری بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م