نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو تۆمار كرابێت. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 65 دۆلار و 20 سەنت دەفرۆشرێت لەكاتێكدا سەرەتای مانگی رابردوو نرخەكەی 87 دۆلار بوو.
بەو پێیە لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوو سەرووی 22 دۆلار لە نرخی نەوت دابەزیوە كە بە رێژە دەكاتە 25%، ئەمەش بە رێژەیەكی زۆر بۆ ئەو ماوە كورتە هەژمار دەكرێت.
بەگوێرەی dailyfx لە سێ رۆژی رابردوودا سەرووی چوار دۆلار لە نرخی نەوت دابەزیوە، لە كاتێكدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كۆ بوونەوە و ویستیان مكانیزمێك بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت دەستنیشان بكەن. لە كۆبوونەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی ئەو وڵاتانە، سعوودیە بڕیاری دا نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتەكەی كەم بكاتەوە بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت بكات.
بڕیارەكەی سعوودیە تەنیا چەند سەعاتێك كاریگەری خستە بازاڕ و بۆ ماوەیەكی كاتی دوو دۆلار لە نرخی نەوتی هەڵكشاند، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە.
جگە لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكا و ئەو دەرفەتەی ئەمەریكا بە هەندێك وڵاتی داوە نەوتی ئێران بكڕن، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشبینی دەكرێ ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوتی دنیا كەم ببێتەوە و پێشتر پێشبینی دەكرا ساڵی داهاتوو ئاستی داخوازی بە بڕی ملیۆنێك و 290 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە، بەڵام پێشبینییەكە 70 هەزار بەرمیل كەمتر بووەتەوە.
نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە كەمبوونەوە كردووە كە دوای دەستپێكردنی سزاكان دژی ئێران كە لە پێنجی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرا.
سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك نرخی نەوت نزم بكاتەوە و لە لایەكی تریش رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە لەو كاتەدا كاریگەریی سزاكان زیاتر دەبن.