باوكێك كوڕەكەی كوشت

:: AM:10:09:14/11/2018 ‌
شەوی ڕابردوو باوكێك كوڕەكەی دەكوژێت و پۆلیسیش ئاشكرای دەكات، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و تا ئێستە هۆی كوشتنەكە نەزانراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی دووەم، ڕائید هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی راگەیاند، سەعات 11 و 15 خولەكی شەوی رابردوو لە گەڕەكی هەڤاڵانی شاری هەولێر، باوكێك تەقە لە كوڕەكەی خۆی دەكات و دوای ئەوەی بە برینداری دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا. 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، ئەو كوڕەی كوژراوە ناوی محەمەدە، بەڵام هۆی كوشتنەكە نەزانراوە و لە لێكۆڵینەوەی بەردەوامداین.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای كرد، تا ئێستە بكوژەكە نەگیراوە و كوڕەكە لە سەعات حەوتی بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

دیاردەی كوشتن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، بەرپرسانی حكوومەتیش هۆكارەكەی بەهۆی زۆریی چەك لە ماڵان دەگەڕێننەوە لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستە تەنیا سێ‌ هەزار و 100 مۆڵەتی چەك هەڵگرتن هەیە.



وشە - رامیار جەواد