80%ی چارەسەرەكانی شەکرە لە کوردستان هەن

:: AM:11:17:14/11/2018 ‌

نەخۆشیی شەكرە لە دنیادا بە یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی مردن دادەنرێت، لە كوردستانیشدا بە یەكێك لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكان دادەنرێت بەهۆی زۆری ڕێژەی تووشبوون، لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ "وشە" دكتۆر عەلی بەرزنجی باس لە مەترسییەكانی نەخۆشیی شەكرە و تەشەنەكردن و بوون بەهۆكار بۆ چەندان نەخۆشیی مەترسیدارتر دەكات و دەڵێت ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی تووشبووان زیاد دەبێت، هەرچەندە هەموو چارەسەرییەك هەیە لە كوردستان بەڵام بەهۆی ناتەندروستی شیوازی ژیان ڕێژەكە بەردەوام لە زیادبووندایە.

نەخۆشیی شەكرە چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟
نەخۆشیی شەكرە نەخۆشییەكی درێژخایەنە كە ڕیژەی شەكر لەناو خوێندا بەرز دەبێتەوە، بەهۆی كەمبوونی مادەی ئینسۆلین یان كەمی هەستیاری لەش بۆ ئەو مادەیە، ئەوەش دەبێتە هۆكاری چەند نەخۆشییەكی تر، خۆپاراستن لە تووشبوونیش بەتایبەت جۆری دووەم پێوەندی بە بۆماوەیی و جۆری ژیانی ناتەندروست و ئەوانەی خواردنیان خراپە و وەرزش ناكەن، ئەگەر بمانەوێ خۆمان بپارێزین، دەبێت خواردنی تەندروست بخۆین و دوور بكەوینەوە لەوەی خواردنی چەور و شیرین و هەویرەمەنی زۆر بخۆین و هەروەها وەرزش بكەین و ئاگاداری شێوازی ژیانمان بین لە باردۆخی نەخوازراو بەتایبەتی.

لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا دەبێتە هۆی چەندان نەخۆشیی تر، ئەو نەخۆشییانە چین و تا چەند مەترسیدارن؟
ئەو كەسانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و كۆنترۆڵی نەكەن، ئەوا بەتێپەڕبوونی كات و دوای چەند ساڵێك لەسەرووی حەوت ساڵ ئەوا هەڵگری شەكرەكە تووشی نەخۆشیی تر دەبن كە هۆكارەكەی ئەوەیە كە شەكرەكەی  كۆنترۆڵ نەكردووە، ئەویش تووشبوونی هەوكردن و بچووكبوونەوەی دەماری خوێن، دەماری خوێنی گەورە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ یاخود مێشك، دەمارە بچووكەكانیش دەبنە هۆی تێكچوونی بینین و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چاو دەبێت هەندێ جار تا ڕادەی كوێربوون، هەروەها بۆ گورچیلە خراپە و دەگاتە ڕادەی وەستانی گورچیلە و هەروەها دەمارە بچووكەكان كاریگەرییان دەبێت بۆ سەر پێیەكان كە هەست بە چوونی خوێن ناچێت، كە دوای ماوەیەكی زۆر پێی دەزانن هەندێ جار دەبێتە هۆی بڕینەوەی پێیەكانیان، هەندێ جاریش لاوازی سێكسی و نەزۆكی و ئیسهالی و قەبزی و لەبارچوونی منداڵ ، ئەگەر هەر چارەسەر نەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی مردنی كەسەكە.
 
چەند جۆر شەكرە هەن و مەترسیدارترینیان چییە؟
بەگشتی دوو جۆری شەكرە هەیە، جۆری یەكەم شەكرەی منداڵان، دووەم شەكرە لە گەوران، جۆرێكی كاتیش هەیە ئەویش لە ژنانی دووگیاندا كە هەندێ جار بۆ دوای دووگیانییەكەی دەمێنێت، شەكرە بەهەموو جۆرێك مەترسی هەیە هەردوو جۆرەكەی مەترسیدارە، بەڵام ئەوانەی كەكۆنتڕۆڵی شەكرەكەیان دەكەن ئەوان مەترسییان لەسەر نییە چونكە ئاگاداری تەندروستی خۆیانن، ئەو ژنانەی دووگیانن و كۆنتڕۆڵی شەكرەكەیان ناكەن .

چۆن كەسی تووشبوو دەتوانێ ڕێگر بێت لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكرەكەی؟
گرنگترین شت ئەوەیە یەكەم جار دەستنیشانی نەخۆشییەكە بكرێت، چونكە زۆركەس نازانن تووشی شەكرە بوون كە ئەوە زۆر مەترسیدارە، بۆیە بزانن كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە بۆی ئاگاداری چۆنیەتیی چارەسەری بكەن، ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی بە هەردوولا دەبێت بە نەخۆش و پزیشك دەبێت پزیشكی تایبەتی هەبێت و چەند مانگ جارێك سەردانی بكات و خۆشی لە ماڵەوە پشكنینی شەكرە و ڕیژەكەی بكات، هەروەها گرنگترین شت خواردنی تەندروست بخوات و ئاگاداری باری دەروونی خۆی ببێت.

چارەسەری بێ دەرمان هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكرە؟
بەڵی چارەسەی بێ دەرمان هەیە بۆ شەكرە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە كێشیان زۆرە و قەڵەون، دەبێت خۆیان لاواز بكەن و وەرزشی باش بكەن و خواردنی چەوری و شەكر نەخۆن، ئەوا كۆنترۆڵ دەبێت، ڕێیەكی تر ئەوانەی قەڵەون و نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە ئەنجام دەدەن و ڕێڕەوی گەدەیان دەگۆڕن، ئەوانە بەشێكی زۆر كێشیان دادەنێن بۆی هەیە كۆنتڕۆڵ ببێت و چارەسەر ببێت.
 
ئایە لە كوردستان دەرمانی پێویست و گونجاو بۆ تووشبووانی شەكرە هەیە؟ هەموو جۆرە چارەسەرییەكان لێرە دەكرێن یان نەخۆش پێویستی بە دەرەوەی كوردستان دەبێت؟
ئەوەندەی من وەك پزیشكێك دەیبینم 80%ی دەرمان و چارەسەرەكان هەن، نەخۆشیی شەكرە پێویستی بەدەرەوەی وڵات نییە، هەندێ دەچوونە سووریا و توركیا لەوێ لەڕێی خوێنهێنان لە پەنجەی پێ یان برینی بنی زمانی چارەسەری شەكرەیان دەكرد، بەڵام ئەوانە سەركەوتوو نەبوون و هەمووی ڕێی نایاسایی و ناتەندروستن، بەڵام ئەوانەی دەچنە دەرەوەی وڵات  ئەوانەن كە شەكرەكەیان سەری كێشاوە بۆ نەخۆشیی گەورەتر و لە قۆناغی مەترسیداردان.

بەپێی دواین لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان هیچ چارەسەرێك بۆ بنبڕكردنی شەكرە دۆزراوەتەوە؟
تا ئێستە بەداخەوە تەنیا تەنیا پێدانی دەرمانە، چارەسەری تر نەدۆزراوەتەوە، چونكە جگە لە كەمی ئینسۆلین چەندی كێشەی تر لەناو كەسی هەڵگری شەكرە دروست دەبێت، بەڵام تا ئێستە بەپێی توێژینەوە زانستییەكان هیچ چارەسەرێكی بنبڕ نییە، جگە بۆ كەسی قەڵەو نەبێت كە پێشتر ئاماژەمان پێ دا.

تا چەند شەكرە بە هۆكاری مردن دادەنرێت؟ لە كوردستان ڕێژەكەی هاوشێوەی وڵاتانی ترە؟
شەكرە دەبێتە هۆكاری سەرەكی لە هەموو دنیادا، بە هۆكارە سەرەكییەكانی مردنی تەمەن خوار ٧٠ سال دادەنرێت بەهۆی كۆنترۆڵ نەكردنی شەكرەوە، بەتایبەت ئەوانەی كە جۆری یەكەمی شەكرەیان هەیە و لە قۆناغێكی زۆردایە و پەرە دەسێنێت بۆ چەند نەخۆشییەكی تر، كوردستان وەك جیهانی ناوەڕاست دادەنرێت وەك ئەو شارانەی تازە گەورە دەبن، لە كوردستان ڕێژەی تووشبوون و مردن زیاترە چونكە لە ناو ١٠٠ كەس ١٣ كەس تووش بوون، پێشبینی ئەوە دەكرێت زیاتر ببێت، لە كوردستان ڕێژەی مردن و تووشبوون زۆرترە.

خۆپاراستن چییە و هۆكارەكانی چین؟
لە منداڵان شیری دایك بدرێتە منداڵ باشترین چارەسەرە ،لە گەورەكان كە ھۆكاری ئەو نەخۆشییە زیاتر قەڵەوییە، بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، كەمكردنەوەی ئەو خواردنانەی كە رێژەی شەكریان زۆرە، برنج و نان و سەموون و كێك و نەستەلە و چپس و خواردنەوەكان، كەمكردنەوەی  خواردنی ئێواران پێویستە. خواردنی میوە و سەوزەوات, وەرزشكردن رۆژانە نزیكەی ٣٠و تا ٤٥ خولەك، راكردن یان مەلەوانی، دەتوانن زۆر سوودبەخش بن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە.

ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە پێویستە چەند مانگ جارێك چ جۆرە پشكنینێك بكەن بۆ ئەوەی لە تەندروستی ئەندامانی جەستەیان دڵنیا ببن؟.
ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، دەبێت ڕۆژانە یان هەفتانە شەكرەیان بگرن، هەروەها سێ مانگ جارێك پشكنینی (شەكرەی سێ مانگی) بكەن، هەروەها دەبێت شەش مانگ جارێك یان ساڵانە پشكنینی چاو و گورچیلە و ڕێژەی چەوری و زەخت یان پشكنینی بۆ بكەن بۆ ئەوەی ژیانێكی تەندروستیان هەبێت.

ئێستە نەخۆشیی شەكرە لە كوردستان ڕیژەی تووشبوونی بەرەو زیاتر دەچێت ، هۆكاری بۆچی دەگەڕێننەوە؟
شەكرە لە كوردستان بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و ڕێژەكەی و هۆكارەكانی شێوازی ژیانی ناتەندروست و بەرزبوونەوەی كێشە، بەداخەوە زۆر بەكەمی گرنگی پێ دەدرێت تا كەسەكە نەخۆش نەكەوێت گرنگی پێ نادات و بەدوای تەندروستی باش ناگەڕێت، بۆیە من وەك پزیشكێك دەڵێم پێویستە ھەر كەسێك لە ٤٠ ساڵ زیاتر بوو چ ژن یان پیاو، ھەموو ساڵێك یان دوو ساڵ جارێك پشكنین بكات، بۆ نموونە ژن ئەگەر كیسی لە ھێلكەدانی ھەبوو، پێویستە بە زووترین كات پشكنین بكات، هەروەها لەكاتی تووشبووندا هەمیشە ئاگاداری ئەنجامدانی پشكنینەكانی تر ببن بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی تەشەنەكردنی بكەن. .

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - سلێمان تاشان