سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان شەش ملیار دۆلار داهاتی نەوتی کەرکووکی لەدەست داوە

:: PM:12:13:14/11/2018 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات ئەگەر پڕۆژەكەی حكوومەت پەسەند بكرایە، دادپەروەری بۆ مووچە و دەرماڵەكان دەگەڕاندەوە و بڕێك داهاتیشی بۆ حكوومەت دەگەڕاندەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی دووەم، سەفین دزەیی گوتەبێژی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند،  ئەگەر 300 هەزار بەرمیل نەوتەكەی‌ كەركووك لای هەرێمی كوردستان بووایە، تا ئێستە شەش ملیار دۆلار داهاتی دەبوو.

گوتەبێژی حكوومەت گوتی، گەمارۆكانی سەر ئێران كاریگەری لەسەر خەڵكی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراقیش دەبێت، چونكە پێوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئێران هەیە، عێراقیش وەك هەموو وڵاتێك پابەندی هەموو وڵاتانی تر پابەند دەبێت، بەڵام بۆ وزە و كارەبا بەخشینی بۆ كراوە، هەروەها هیوادارین پێداویستی ڕۆژانەی‌ خەڵك نەخرێتە ناو گەمارۆكانەوە.

دزەیی ئاشكرای كرد، ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشتر پێشكەش بە پەرلەمان كرابوو، دادپەروەری بۆ مووچە و دەرماڵەكان دەگەڕاندەوە و بڕێك داهاتیشی بۆ حكوومەت دەگەڕاندەوە، هیوادارین خولی نوێ بەشێوازێكی باشتر كاری لەسەر بكات.

لەبارەی خاڵە گومرگییەكان ئاماژەی دا، ئەو خاڵانە زیاتر بۆ بەرژەوەندی چەند گرووپێكی میلیشیان كە سوودی لێ وەردەگرن، زیان بە خەڵكی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و بازرگانان دەگەیەنن.



وشە - رامیار جەواد