گۆڕان: ئەو كارەی شێخ جەعفەر كردوویەتی بۆ خۆشیرینكردنە لای حزبەكەی

:: PM:01:26:14/11/2018 ‌

دوای بڵاوكردنەوەی هەندێك وێنە لە لایەن شێخ جەعفەر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پێوەندی كۆمەڵێك گۆڕانخواز بە یەكێتی، هەڵسووڕاوێكی گۆڕان هەنگاوەكەی شێخ جەعفەر بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت، ئەو كارەی شێخ جەعفەر كردوویەتی بۆ خۆشیرینكردنە لای حزبەكەی.

بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لە لاپەڕەی خۆی، وێنەی چەند كەسێكی بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاندووە كە ژمارەیەك گۆڕانخواز هاتوونەتەوە ناو ماڵە گەورەكە و بڕیاری درێژەدان بە خەباتیان لە ریزەكانی یەكێتی داوە.

ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "وشه"‌ی راگەیاند، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نییه ‌و هیچ گۆڕانخوازێك نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو یەكێتی.

ئەو گوتی "بزووتنەوەی گۆڕان وەك حزبەكانی تر ئەندامی كۆمیته ‌و لقی نییە، ئەو كارەی شێخ جەعفەریش كردوویەتی بۆ خۆشیرینكردنە لای حزبەكەی".

ئەنوەر تەها روونی كردەوە: ئێمە رایەڵە و بازنە و مەكۆكانمان هەیە، لە خوار ئەمانەوە ئەندامی ئاساییمان نییە و ئەوەی خزمەت بە بزووتنەوەكەمان بكات ئەندامی گۆڕانە.

سلێمانی ـ هەستیار




وشە - سلێمان تاشان