هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژی جیهانی تووشبوانی نه‌خۆشى شه‌كره سه‌نته‌ری چاره‌سه‌رى نه‌خۆشی شه‌كره له سلێمانی ئامارێكى ڕاگه‌یاند و ئاشكراى كرد، له ماوه‌ی 11 ساڵی ڕابردوو له سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكه‌ی 33 هه‌زار هاووڵاتیی تووشى نه‌خۆشی شه‌كره بوون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، دێرین ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی سه‌نته‌ری شه‌كره له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، 14ی تشرینی دووه‌می هه‌موو ساڵێك به ڕۆژی جیهانی شه‌كره دیاری كراوه، نه‌خۆشی شه‌كره یه‌كێكه له نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه‌كان و ئه‌و كه‌سه‌ی تووشی ده‌بێت زۆر گرنگه پارێز بكات و له سه‌نته‌ره‌كانی چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى شه‌كره له هه‌رێمی كوردستان مانگانه چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت.
زیاتر گوتى، به‌پێ ئامارێكی سه‌نته‌ری شه‌كره له سلێمانی، ته‌نیا ئه‌مساڵ له سنووره‌كه زیاتر له دوو هه‌زار و 500 كه‌س له سه‌نته‌ره‌كه‌مان تۆمار كراون كه تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون و به شێوه‌یه‌كی گشتی له ساڵی 2007ه‌وه كه سه‌نته‌ره‌كه دامه‌زراوه نزیكه‌ی 33 هه‌زار هاووڵاتیی تۆمار كراون كه تووشى نه‌خۆشی شه‌كره.
هه‌روه‌ك دووپاتى له‌وه كرده‌وه كه پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر بتوانن به‌پێی ڕێنوێنییه‌كان كۆنترۆڵی ڕێژه‌ی نه‌خۆشییه‌كه بكه‌ن و خۆیان به دوور بگرن له‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی كه مه‌ترسیدارن بۆ نه‌خۆشییه‌كه.
هاوكات به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به "وشه" دراوه له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 150 هه‌زار هاووڵاتیی تووشی نه‌خۆشی شه‌كره بوون و ئاماره‌كه‌ش له زیادبوندایه، له ئاستی دنیاش زیاتر له 425 ملیۆن كه‌س تووشی نه‌خۆشی شه‌كره بوون.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی