به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ژێر زه‌وی سلێمانی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی زۆربوونی لێدانی بیری نایاسایی له سنووری پارێزگاكه باران كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی ئاوی ژێر زه‌وی ناكات. به‌پێی ئامارێكیش تا ئێسته له سلێمانی به سه‌تان بیری نایاسایی لێدراو‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، عه‌باس عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ژێر زه‌وی له پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له زستان و وه‌رزی باران ئاوێكى زۆر ده‌چێته ژێر زه‌وی و تێكه‌ڵ به حه‌وزه‌كانی ئاوی ژێر زه‌وی ده‌بێت، به‌وه‌یش ئاوی ژێر زه‌وی زیاد ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لێدانی بیری نایاسایی له سنووره‌كه زیادى كردووه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه ئاوى ژێر زه‌وى ئه‌مساڵ زیاد نابێ.
زیاتر گوتى، كاتێك لێدانی بیر دوور له ڕێنوێنییه‌كان زۆر بێت ئاوى باران كاریگه‌ری ناكات له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی و ئه‌وه‌یش ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی و دابه‌زینی ئاستی ئاوی حه‌وزه‌كان. دووپاتیشى كرده‌وه كه له سنووری پارێزگای سلێمانی له نێوان 22 هه‌زار بۆ 25 هه‌زار بیری نایاسایی لێدراوه.
دابه‌زینی ئاوی ژێر زه‌وی به‌هۆی بیره نایاسایه‌كانه‌وه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك ناوچه ڕێژه‌ی ئاو له نێوان 15 بۆ 30 مه‌تر و له هه‌ندێ ناوچه‌ش زیاتر دابه‌زێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی