ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەست لە كاركێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت و ئاشكرای دەكات، یەكێتی لە لێواری هەڵدێرێكی ترسناكدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی تشرینی دووەم، ئازاد وەرتێ ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نامەیەكدا كە بۆ كۆسرەت ڕەسووڵی ناردووە و دەست لەكاركێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئاشكرای كردووە، پەیكەری ئۆرگانەكان لە كۆمیتەوە تا مەكتەبی سیاسی و دواتریش سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی، سەرلەبەری هەڵوەشاوەتەوە و ئەوەی ئێستە فەرمانڕەوایی دەكات، نە هەڵبژێراوی كۆنگرەیە نە ئۆرگانی حزبییە و نە مەكتەبی سیاسییە و نە سەركردایەتی و نە ئەنجوومەنی ناوەندیشە.
ئاماژەی داوە، حوكمڕانی ناو یەكێتی ئێستە، بەڵكو هێزێكی بەرژەوەندی و ناوەندێكی هەژموونیی پەرتەوازەییە كە چەند كەسێك بە بڕیاری بێ دیراسە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانە باڵاكان بڕیار دەدەن، بۆیە یەكێتی لە هەڵوەرینی بەردەوامدایە و لەسەر لێواری هەڵدێرێكی ترسناكدایە.
نادادپەروەری یەكێتی ئەوەندە زۆرە، لە دووتوێی نامەیەكدا جێی نابێتەوە، ئەو نادادپەروەرییە هەرگیز لە فەلسەفە و مێژووی حزبێك ناوەشێتەوە. ئەندامەكەی مەكتەبی ناوەندی یەكێتی وای نووسیوە.
باڵباڵێنی ناو یەكێتی دوای هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول، بە تەواوەتی سەری هەڵداوەتەوە ئەوەیش بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو ئەو حزبە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەو حزبە باس لە چارەسەركردنی كێشەی ناو حزبەكەیان دەكەن، بەڵام كاردانەوەی ئەندامانی لەسەر باڵباڵێنی حزبەكە ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت.