لەكاتی كاركردن بۆ كێڵانی زەوییەكەی، جووتیارێك لە تراكتۆر دەكەوێـتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی تشرینی دووەم، ڕائید عەلی جەمال قەدوری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم هاووڵاتییەك كە جووتیارە، هێنرایە بەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار كە بەهۆی بەركەوتنەوە گیانی لە دەست دابوو.
ئاشكرای كرد، بەگوتەی كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە ناوی (جەبار خان باوەموراد )ە و لەدایكبووی 1941ە و دانیشتووی شارۆكەی كەلارە، بەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی چاندنی دانەوێڵە ڕووی لە گوندەكەی حاجی ئیبراهیم كردووە و لەكاتی جووتكردنی كێڵگەكەیدا، لە تراكتۆرەكە كەوتووەتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە.
ئاماژەی دا، ئێستە بەمەبەستی توێكاری تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشكی دادوەری شارۆكەی كەلار كراوە و شۆفێری تراكتۆرەكەش بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 24ی هاتوچۆ گیراوە.