بكوژی باڵوێزی ڕووسیا لە ئەنكەرە "ئەندریە كارلۆڤ" دەنگدانەوەیەكی جیهانی یەكجار گەورەی لێ كەوتەوە، لەو كاتەی لە پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ وتاری پێشكەش دەكرد، پۆلیسێكی ئەنكەرە هاتە ژوورەوە و بە دەمانچە فیشەكی ئاراستە كرد و كوشتی.
وەزیری ناوخۆی توركیا سلێمان سۆیلۆ ناسنامەی بكوژەكەی بە وردی ئاشكرا كرد و گوتی، ئەنجامدەری هێرشەكە ناوی "مەولوود مەرت ئەلتنتاش"ە و لەدایكبووی شاری ئایدنی رۆژئاوای توركیایە، لە هێزی نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان لە ئەنكەرە ماوەی دوو ساڵ و نیوە كار دەكات.
وەزیری ناوخۆ گوتی، ڕووداوەكە ڕێك لە سەعات 7:05ی ئێوارە ڕووی داوە و تەمەنی ئەو پۆلیسەی هێرشەكەی ئەنجام داوە 22 ساڵە.
لە میدیاكانی دنیا هەریەكە و بەجۆرێك باسی ئەو قسانە دەكات كە بكوژەكە دوای كوشتنی باڵوێزی ڕووسیا دەیكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دەڵێ، "ئەڵاهوئەكبەر، ئێمە لە حەلەب دەمرین و ئێوەش لێرە دەبێ بمرن".
شایەتحاڵەكان بە میدیاكانیان ڕاگەیاندووە، كاتێك بكوژ هاتە ژوورەوە بە خێرایییەكی سەیر فیشەكی ئاراستەی باڵوێزی ڕووسیا كرد و ئەویش كەوتە سەر زەوی، بەڵام خوێن بەدی نەكرا تا دواتر ڕوون بووەوە كە باڵوێزی ڕووسیا گیانی لە دەست داوە.
سەرچاوە تەناهییەكان ئاشكرایان كرد، هێرشەكە تەنیا 15 خولەكی خایاندووە و دواتر بكوژەكە ڕای كردووەتە نهۆمی دووەم، بەڵام هێزەكانی پۆلیسی توركیا دوای كەوتوون و لە نهۆمی دووەم كوشتوویانە.
دوای كوشتنی باڵوێزی ڕووسیا لە ئەنكەرە، زۆرێك لە وڵاتان دەرگەی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانیان لە وڵاتەكە داخست و چەند سەعاتێكیش دوای ڕووداوەكە تەقە لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا كرا.
لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە دوای ئەوەی هەواڵی كوشتنی باڵوێزی ڕووسیا بەشێوەیەكی یەكجار خێرا هەموو میدیاكانی دنیای تەنیوە، زۆرێك لە وڵاتانی دنیا بە خێرایی سەركۆنەی ڕووداوەكەیان كرد و سەرەخۆشییان لە كەسوكاری باڵوێزەكە كرد.
سەرچاوە/ئەلعەرەبییە.