ڕێی دەربەند_ قەڵادزێ پێش ئەوەی قیرتاو بكرێ كرایەوە

:: AM:11:53:15/11/2018 ‌

دوای نزیكەی دوو ساڵ كاركردن لە پڕۆژەی دوو سایدی ڕێی دەربەند_ قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ پێنجشەم 15/11/2018 بە ڕووی هاووڵاتییانی ناوچەكەدا كرایەوە. كردنەوەی رێیەكە لە كاتێكدایە هێشتا 30%ی كارەكانی تەواو نەبووە.

بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ڕاپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی ڕاپەڕین بەبێ هیچ رێوڕەسمێك رێیەكەیان بە ڕووی هاووڵاتییانی سنوورەكەدا كردووەتەوە و لەمەودووا هاووڵاتییان دەتوانن لەم ڕێیەوە هاتوچۆ بكەن و پێویست ناكات ڕێی شاخی گڵەزەرد ببڕن.

ئەو ڕوونی كردەوە،  تا ئێستە %70ی كارەكان لە قۆناغی یەكەمی ڕێیەكە تەواو بووە كە دوو سایدكردنی ڕێیەكە بوو، قۆناغی دووەمیش بریتی دەبێت لە دروستكردن و قیرتاوكردنی ڕێیەكە، كە ئەویش لەدوای كۆتاهاتنی وەرزی سەرما و سۆڵ و لە ناوەڕاستی ساڵی ئایندە كاری لەسەر دەكرێت.

ڕێی دەربەند _ قەڵادزێ،  هەریەك لە ڕێیەكانی ڕانیە و قەڵادزێ و هەر نۆ شارەدێیەكەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ڕاپەڕین/ وشە_ شادان بەكر



وشە - سلێمان تاشان