جۆرە كرمێك لەناو قوتابییانی شەقڵاوە بڵاو دەبێتەوە

:: PM:01:56:15/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شەقڵاوە ئاشكرای دەكات، جۆرە كرمێك لەناو قوتابییان بڵاو بووەتەوە كە بووەتە هۆكاری دروستبوونی برین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی تشرینی دووەم، موحسین قەسرۆكی بەرپرسی هۆشیاری تەندروستی شەقڵاوە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەی (رەزگەی دیوین) سەر بە شارۆكەی شەقڵاوە ئاگەدار كراینەوە كە جۆرە حاڵەتێكی مەترسیدار لەناو قوتابییان و لە سەرجەم پۆلەكان بڵاو بووەتەوە.

بەرپرسی هۆشیاری تەندروستی گوتی، بۆ ئەو مەبەستە تیمێكی (پاراستنی تەندروستی) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شەقڵاوە سەردانی قوتابخانەی (رەزگەی دیوین) مان كرد، لە نزیكەوە پشكنین و بە دواداچوونمان كرد نزیكەی 32 قوتابی تووشی حاڵەتی خوڕشت (حەساسیە) بووبوون، هۆكارەكەشی ئەوەبوو ڕۆژی پێشتر چەند قوتابییەك دەچنە دەوروبەری گوند بۆ كۆكردنەوەی كوارگ (قارچك) بە هۆی بەرككەوتن لەگەڵ دار و گژوگیا جۆرە كرمێكی ڕەنگ سووری بچووك دەچێتە ناو لەشی ئەو قوتابییانە.

ئاماژەی دا، لەگەڵ هاتنیان بۆ قوتابخانە ئەو (كرمە) دەگوازنەوە ناو پۆل و تا ئێستە 32 قوتابی تووشی حاڵەتی خوڕشت بووین، بەشێك لە جەستەی قوتابییان بووەتە (برین) بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەر و مامۆستایان كرد دەبێت ئەو قوتابییانە ڕەوانەی نەخۆشخانە بكرێن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، ئێمەش جگە ئەوەی هەندێ پێداویستی (فریاگوزاری) مادەی پاككەرەوەمان بۆ دابین كردن، لە هەمان كاتدا چەندان ڕێنوێنیی هۆشیاری و خۆپارێزی بۆ قوتابییان و مامۆستایانمان باس كرد لە پێناو پاراستنی تەندروستی قوتابییان.







وشە - رامیار جەواد