گورزێكی تری كوشندە بەر ئابووری توركیا دەكەوێت

:: PM:02:14:15/11/2018 ‌
ئابووری توركیا كە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا باشتر بێت لەمساڵ، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری گورزێكی ترە بەر ئابووری توركیا دەكەوێت، دامەزراوەیەكی گەشەپێدانی ئابووریش دەڵێ ساڵی داهاتوو ساڵێكی پڕ ئازار دەبێت بۆ توركیا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، حكوومەتی توركیا ئامارەكانی لەسەر رێژەی بێكاری لە وڵات راگەیاند، بەگوێرەی ئامارەكانیش بێت رێژەی بێكاری لەو وڵاتە گەیتشووەتە 11.1%ە.

بە بەراورد لەگەڵ ئاماری ساڵی رابردووی حكوومەت بۆ ماوەی مانگی تەمووز و ئاب، پارساڵ رێژەی بێكاری لەم ماوەیەدا 10.6% بوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ 11.1% زیادی كردووە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی ساڵی رابردوودا. 

ئەگەرچی پێش تەنگژەی نێوان ئەمەریكا و توركیا كە ئێستەش بەردەوامی هەیە، رێژەی بێكاری لە توركیا روو لە دابەزین بووە و ساڵی رابردوو رێژەكە گەیشت بووە 10.6، بەڵام لەگەڵ دابەزینی 40%ی بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار بەهۆی تەنگژەی نێوان ئەنكەرە و واشنتن، ئابووری توركیاش رووبەڕووی تەنگژەیەكی مەترسیدار بووەتەوە.

بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لە توركیا، لە كاتێكدایە هەفتەی ئاژانسی پۆلینكردنی گەشەپێدانی مودیز رای گەیاند، ئابووری توركیا چاوەڕوانی ساڵێكی پڕ ئازار دەكات، بەتایبەت دوای دابەزینی بەهای لیرە.

مودیز روونی دەكاتەوە ئەو دابەزینەی بەهای لیرە بەخۆیەوە بینیویەتی لەمساڵدا رەنگدانەوەی راستەوخۆی بووە بەسەر ئابووری توركیا و دووچاری ئاستەنگی گەورەی كردووە و وایكردووە گەشەی ئابووری سست بكات بەتایبەت لە بازاڕە پێشكەوتووەكان و سەرەتاكاندا.

ئەو قسانەی مودیز لە كاتێكدایە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رای گەیاند، ساڵی 2019 گەشەی ئابووری توركیا بە رێژەی 0.4% دەبێت، بە بەراورد بە 2018 كە 3.5% بووە.

ئەوەشی خستەڕوو كە ساڵی 2019 بەهای لیرە هەر نزم دەبێت و تێچووی دانەوەی قەرزەكان كاریگەری دەبێت لەسەر سێكتەری وەبەرهێنان و خەرجییەكان.



وشە - فه‌رمان سادق