لە ترسی داعش ماڵی جێهێشت، بەڵام دەستبەرداری كشتوكاڵ نەبوو، ئەو لە كشتوكاڵ دەستڕەنگین و بەتوانا بوو و دواجار هەر لەسەر زەوییەكەی خۆی بە رووداوێكی دڵتەزێن گیانی سپارد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15 / 11 / 2018 ، پۆلیسی گەرمیان هەواڵی گیان لەدەستدانی جووتیارەكەی سنووری ئیدارەی گەرمیانی راگەیاند."وشە" لە بەدواداچوونێكدا لە كەسایەتی ئەو جووتیارە و چۆنیەتیی رووداوەكەی كۆڵیوەتەوە.
ئیبراهیم حەسەن دەكەیی، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی قوربانییەكەیە و بۆ "وشە" گوتی، مام جەبارخان باوەموراد لەدایكبووی 1941 نیو سەدەیە سەرەڕای ئەو هەموو رووداوە تاڵەی لە ناوچەكە هاتووەتە كایەوە و سەرەڕای مەترسییەكانی تەعریب و داعش، وازی لە كێڵانی زەوییەكانی نەهێناوە و بەردەوام سەرقاڵی كشتوكاڵ بووە.
بە گوتەی ئیبراهیم، ئەو یەكێكە لە جووتیارە دێرینەكانی ناوچەكە و لای خەڵك ناسراو بووە. بەر لە چەند مانگێك لەبەر مەترسییەكانی داعش ماڵەكەی لە گوندەكەیەوە گواستبووەوە بۆ گەڕەكی شەهیدانی شارۆكەی كەلار، بۆ پارێزگاریكردن لە نەوەكانی، بەڵام خۆی بێ گوێدانە مەترسییەكانی داعش و گرووپە تیرۆییستییەكان و عەرەبی هاوردە، دەگەڕایەوە سەر زەوییەكەی و خزمەتی دەكرد.
رائید عەلی جەمال بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، گوتەیان لە كەسوكاری جووتیارەكە وەرگرتووە و بۆیان دەركەوتووە جووتیارەكە بەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی چاندنی دانەوێڵە ڕووی لە گوندی دەكەی حاجی ئیبراهیم كردووە و لەكاتی جووتكردنی كێڵگەكەیدا، لە تراكتۆرەكە كەوتووەتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە، ئێستەش بەمەبەستی توێكاری تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كەلار كراوە و شۆفێری تراكتۆرەكەش بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 24ی هاتوچۆ گیراوە.
هاوكات حوسێن عەزیز سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتی جووتیاران و هەرەوەزییەكانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ رووی داوە یەكەم حاڵەتی لەو جۆرەیە لەماوەی داچاندن و كێڵانی زەوی كشتوكاڵی.
ئەو گوتی جووتیارەكە نموونەیی بووە و سەرباری هەموو گرفت و كێشەكان، سەرقاڵی كاری خۆی بووە هاوشێوەی جووتیارەكانی تر.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی