دۆسیەی خاشقجی.. سعوودیە دەباتە لێواری سزا و شەڕی نێوان میرانی دەسەڵاتدار

:: PM:03:36:15/11/2018 ‌

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 43 رۆژ بەسەر دۆسیەی خاشقجی، عەرەبستانی سعوودیە لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی رەت دەكاتەوە و توركیاش داوای دەكات. وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری وەستاندنی فرۆشتنی چەك دژ بە سعوودیە دەدەن و كۆنگرێسی ئەمەریكاش ترەمپ دەخاتە ژێر گوشاری سەپاندنی سزا بەسەر ریاز.

زیاتر لە 43 رۆژ بەسەر تیرۆركردنی جەمال خاشقجی تێدەپەڕێت كە لە كونسوڵخانەی عەرەبستانی سعوودیە لە توركیا تیرۆر كرا، ئەگەرچی لیژنەی لێكۆڵینەوەی عەرەبستانی سعوودیە 16 كەسی گرتووە و تۆمەتی كوشتنەكەی داونەتە پاڵ، بەڵام نەیتوانیوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رازی بكات بەوەی محەمەد بن سەلمان جێنشینی كورسی پاشایەتی وڵاتەكەی لە پشتەوەی تیرۆركردنی جەمال خاشقجی نووسەر و رۆژنامەنووس نییە.

مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رای دەگەیەنێ، ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی كوشتنی خاشقجی بووەتە مەرج، بەتایبەت دوای ئەوەی وڵاتەكەی بەڵگەی دەنگی داوەتە ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فڕەنسا، بەریتانیا، كەنەدا و سعوودیە خۆیشی.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە دا لەسەرەتای دۆسیەكەدا لیژنەی هاوبەشیان لەگەڵ سعوودیە پێكهێنابوو، بە سعوودییەكانیان گوتووە كە بیر لەوە ناكەنەوە دۆسیەكە ببەنە دادگایەكی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە و بە نێودەوڵەتیكردنی دۆسیەكە بووەتە مەرج. گوتی "هەرچی رووی داوە ئێمە كاری خۆمان دەكەین بۆ ئاشكراكردنی تاوانەكە بە شەفافانە".

ئەگەرچی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە بارەی تۆمارە دەنگییەكەی توركیا دەڵێ، تۆمارە دەنگییەكە بەهیچ شێوەیەك باس لە تێوەگلانی محەمەد بن سەلمان ناكات لە تاوانەكە.

هاوكات وەزیری دەرەوەی فڕەنساش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای تۆمەتبار كرد بەوە یارییەكی سیاسی دەكات بە دۆسیەی خاشقجی.

هەوڵەكانی توركیا بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی لە كاتێكدایە پێشتر سعوودیە رەتی كردووەتەوە دۆسیەی خاشقجی بە نێودەوڵەتی بكرێت و رای گەیاند، قبووڵی هیچ لیژنەیەكی نێودەوڵەتی ناكەن، دادگاكانی سعوودیە لەو ئاستەدان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بە شەفافانە بكەن.

دوای تێپەڕبوونی 43 رۆژ بەسەر كوژرانی خاشقجی لە دووی ئۆكتۆبەری 2018 لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ، دوای ئەوەی بە مەبەستی راییكردنی كاروباری هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە، تیمێكی بكوژی سعوودی لەناو كونسوڵخانە لە چاوەڕوانی خاشقجیدا بوون، دوای مشتومڕ و دەمەقاڵی، خاشقجی دەكوژن.

تا ئێستە نە سعوودیە و نە توركیا هیچ زانیارییەكیان لەسەر شوێنی لاشەی خاشقجی كوژراو بڵاو نەكردووەتەوە، ئەمەش هێندەی تر دۆسیەكەی ئاڵۆز كردووە و چاودێرانی سیاسی و تەناهی پێیان وایە دۆسیەكە نەدەبوو هێندە دوا بخرێت، توركیا دەیتوانی زووتر یەكلای بكاتەوە، كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنكەرە یاریی سیاسی بە دۆسیەكە دەكات بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر.

پێوەند بەو پرسە، شتیڤان زایبرت گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئەڵمانیا رای گەیاند، دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی لەسەر دۆسیەی خاشقجی لە پێوەندیدایە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری توركی، ئەو دۆسیەش ئێستە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی ئەڵمانیا "بۆندستاغ"دایە. گوتی "ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان هەواڵگری ئەڵمانی و توركی هیچ كەس بۆی نییە قسەی لەسەر بكات جگە لە لیژنەی تایبەتمەند لە بۆندستاغ نەبێت".

لەبارەی لێكەوتەكانی دۆسیەكەش، گوتەبێژی حكوومەتی ئەڵمانیا رای گەیاند كە بەرلین لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەكانی كار لەسەر دەربڕینی هەڵوێستێكی یەكگرتوو دەكات بەتایبەت لە پرسی پێدانی چەك بەو وڵاتە.

هاوكات پەرلەمانی ئەوروپا جارێكی تر داوای كرد گەمارۆی پێدانی چەك لەسەر سعوودیە دابنرێت بەهۆی هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن، داواشی لە سعوودیە كرد رێز لە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی بگرێت.

هاوكات زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی بەتایبەت كۆمارییەكان، رای دەگەیەنن كە ئەنجوومەنی پیران لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر دۆسیەی یەمەن و جەمال خاشقجی بڕیاری سەپاندی سزا لەسەر سعوودیە دەردەكەن.

ئێوارەی سێشەمی رابردوو 13ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا گەڕانەوە سەر كاری خۆیان دوای دابڕانیان بەهۆی هەڵبژاردنەوە.

بۆب كوركر سیناتۆری كۆمارییەكان و سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، رای گەیاند ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بەدوای دەلیچەیەك دەگەڕێن تا نیشانی سعوودییەكانی بدەن ئەوەی بەسەر خاشقجی هات، ئەوەشی لە یەمەن ئەنجامی دەدەن، دەبێت لەسەری سزا بدرێن.

گوتی "پێش كۆتایی ئەمساڵ ئەنجوومەن دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەك دەدات بۆ وەستاندنی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەك بۆ سعوودیە، تەنانەت رەنگە بڕیار لەسەر قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە سعوودیەش بدرێت".
 
كوركر روونی كردەوە كە یاریدەرانی داوایان لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و جینا هاسپڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی "سی ئای ئەی" كردووە، لە كۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە بكەن بۆ وەرگرتنی ددانپێدانانی نهێنی لێیان لە بارەی دۆسیەی كوشتنی خاشقجی و شەڕی دژ بە یەمەن.

لای خۆیەوە راند بۆڵ سیناتۆری كۆمارییەكان رای گەیاند، ئێستە باشترین كاتە كە كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بەیەكەوە بە رووی فرۆشتنی چەك بە سعوودیە بوەستنەوە. گوتی "كەس ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە كە سعوودیە خاوەن تۆمارێكی جێی نیگەرانییە پێوەند بە مافەكانی مرۆڤ".
 
هاوكات نانسی بیلۆسی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی ئەمەریكا لە دیموكراتەكان، رای گەیاند ئەو كاتەی دەسەڵات دەگرنە دەست دۆخەكە دەگۆڕێت، ئەگەر ئێستەش نەگۆڕێت.

بیلۆسی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، پێویستە لەسەر كۆنگرێس رێكار و رێوشوێن دروست و دەستبەجێ لەسەر دۆسیەی یەمەن دژ بە سعوودیە دەست پێ بكات.

هەڕەشەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا دژ بە سعوودیە، لە كاتێكدایە رۆژ دوای رۆژ گوشارەكان لەسەر كاربەدەستانی عەرەبستانی سعوودیە زیاتر دەبن و داوا دەكەن هەرچی زووە تەواوی راستییەكان لەسەر دۆسیەی خاشقجی ئاشكرا بكات.

حكوومەتی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا رای گەیاند، ئەگەر عەرەبستانی سعوودیە تەواوی راستییەكانی پێوەندار بە دۆسیەی خاشقجی ئاشكرا نەكات، ئەوا رووبەڕووی سەپاندنی سزا دەبێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعوودیە كە كۆتایی مانگی رابردوو ئەنجام درا، راوێژكاری ئەڵمانیا داوای لە پادشای سعوودیە كردووە كە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و بە پەلە ئەنجام بدات و ئەو بەرپرسانەشی لە دۆسیەی خاشقجی تێوەگلاون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.



وشە - فه‌رمان سادق