كۆریای باشوور پێویستی تەندروستیی هەڵەبجە دابین دەكات

:: PM:03:50:15/11/2018 ‌
كۆریای باشوور لە ڕێی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر، پێداویستی پزیشكی و دەرمان پێشكەش بە تەندروستیی هەڵەبجە كرد و بەڕێوەبەرایەتی شارەكەیش دەڵێت، ئەو دەرمانانە بەشی یەك مانگی پێویستی ئەوان دەكات.

ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆریای باشوور لە ڕێی كونسوڵخانە وڵاتەكەی لە شاری هەولێر، هاوكارییەكی زۆری لە بواری تەندروستی پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە كردووە كە ئەو دەرمانانە بۆ ئێستە پێویستی شارەكە پڕ دەكەنەوە.

زیاتر گوتی، دەرمانەكان زیاتر لە 110 جۆر دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە بواری نەشتەرگەری و دژە بەكتریا  و دژە هەوكردن و چارەسەری نەخۆش و بەشێوەیەكی گشتی ئەو دەرمانانەی كە لە نەخۆشخانەكانی خۆمان دەدرێتە نەخۆشان بۆ چارەسەركردن.

"دەتوانین بۆ ماوەی مانگێك بەو پێداویستییانە چارەسەری ئەو هاووڵاتی و نەخۆشانە بكەین كە سەردانی نەخۆشخانە و بنكەكان دەكەن، چونكە لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتییەوە دابەش كراون بەسەر نەخۆشخانەكان". بەرپرسەكەی تەندروستیی هەڵەبجە وای گوت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری دەكرێت و مانگانە بڕی نزیكەی 100 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی پێداویستی پزیشكییان بۆ تەرخان دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم