ئامەد.. كردەوەی سەربازی بەڕێوە دەچێ و هاتوچۆ قەدەغە كرا

:: AM:11:50:20/12/2016 ‌

لە چەند ناوچەیەكی شاری ئامەد، باكوری كوردستان، كردەوەگەلی سەربازیی بەڕێوە دەچێت و قەدەغەی هاتوچۆ لە چەند ناوچەیەكی ئەو پارێزگایە ڕاگەیەنرا.

ئەمڕۆ سێشەم، پارێزگای ماردین لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، بەمەبەستی خاپووركردنی حەشارگە، پەناگە، كۆگەكانی پەكەكە و گرتنی ئەو كەسانەی بەدوایاندا دەگەڕێن، كردەوەگەل لە هەردوو گەڕەكی "ئاكارسو" و "یاڤروكۆی" ئەنجام دەدرێت.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ماڵ و گیانی هاووڵاتییان، لە سەعات 6:00 ئەمڕۆوە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە هەردوو گەڕەكی ئاكارسو و یاڤروكۆی شارۆكەی نسێبین راگەیەنرا، تا راگەیەنراوی دووەم قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەم دوو گەڕەكە بەردەوام دەبێت.

لە لایەكی ترەوە، لە سێ ناوچەی ئەو شارە، كردەوەگەلی سەربازی بەڕێوە دەچێت، بەپێی زانیارییەكانی سوپای توركیا ڕای گەیاندووە، تا ئێستە چوار گەریلا كوژراون، بەڵام ئەم هەواڵە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

زۆرترین شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و گەریلای پەكەكە، لە ناوچەی "شرناخ"ی سەر بە شاری ئامەد دروست بووە، بۆیە یەكێك لە كردەوەگەلە قورسەكان لەوێ دەكرێ.

سەرچاوە: ئەنادۆڵ


وشە - كوردۆ شابان