دواى ئه‌مه‌ریكا دادگای ئه‌وروپایش سزاى په‌كه‌كه‌ ده‌دات

:: AM:10:54:16/11/2018 ‌
دواى ئه‌وه‌ى ڕۆژى یه‌كشه‌مى ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پاداشتی دارایی بۆ هەركەسێك دیاری كردووە كە زانیاری لەبارەی ناسنامە و شوێنی سێ سەركردەی باڵای پەكەكە بدات لەوان موراد قەرەیلان (پێنج ملیۆن دۆلار)، جەمیل بایك (چوار ملیۆن دۆلار)، دەوران كالكان (سێ ملیۆن دۆلار).

دوێنێ پێنجشه‌م 15ى تشرینى دووه‌میش، دادگای باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیاریدا  "په‌كه‌كه‌" له‌چوارچێوه‌ی لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كاندا بهێڵێته‌وه‌.

دادگای باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ لۆكسمبۆرگه‌، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ داواكارییه‌كی "په‌كه‌كه‌" كرد، كه‌ له‌ دژی ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشكه‌ش كردبوو، دادگای ناوبراویش داوى به‌دواداچوون بڕیاریدا، ئه‌و حیزبه‌ له‌ لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان بهێڵێته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2002 ه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی ئه‌وروپا ناوی "په‌كه‌كه‌"ى له‌ لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان داناوه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا له‌ مانگی ئایاری ساڵی 2014، "په‌كه‌كه‌" داواكارییه‌كی پێشكه‌ش به‌ دادگای باڵای ئه‌وروپا كرد و داوای كردبوو، ئه‌و ڕێككار و كۆت و به‌ندانه‌ له‌سه‌ر حیزبه‌كه‌یان هه‌ڵگرن كه‌ ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌یان شكستى هێنا.

"پەكەكە" حزبێكى كوردی چەپە و بە هرزی ماركسی و لینینییەوە لە ساڵی 1978 لە باكوری كوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل نیشتەجێ بوون، ئێستەیش ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی هەر چوار شارۆكەی سۆران – چۆمان – مێرگەسۆر – رواندز داگیر كردوە و خەڵكێكی زۆر بە هۆی پەكەكەوە بوونەتە قوربانی، ماوەی 30 ساڵە لەگەڵ توركیا شەڕ و ناكۆكییان هەیە.


وشە - محەمەد میران