هەڵکەوتەی جوگرافیای دەڤەری ڕاپەڕین بەهۆی هەبوونی زێ و ڕووبارى زۆرهوه، بۆ دروستکردنی کارگەی بلۆک زۆر گونجاوە، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنانی بلۆکیان دەست دەکەوت، بۆیە زۆرترین کارگەی بلۆک لەم دەڤەرە دروستكراون، کە زۆربەیان دەکەونە سنووری شارۆکەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوا.
ئەحمەد حەسەن، خاوەن کارگەیەکی بلۆکە لە شارۆکەی حاجیاوا به "وشە"ى ڕاگهیاند، "بەهۆی ئەوەی سنوری ڕاپەڕین ناوچەیەکی گونجاوە و دەستكەوتنی کەلوپەلەکانی بلۆک ئاسانە بۆیە ڕۆژانە زۆرترین بلۆک لەم دەڤەرە بەرهەم دەهێنرێت و هەر کارگەیەکیش 20 کرێکار کاری تێدەکات و ڕۆژانە نزیکەی شەش هەزار بلۆک بەرهەم دەهێنین".
زیاتر گوتی، بلۆکی کارگەکانی ڕاپەڕین کوالێتیەکی بەرزتریان هەیە بەراورد بەناوچەکانی دیکە، بۆیە بۆ زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و گوندەکانی سەر سنووری باکووری کوردستان دەگواسترێنەوە و نرخی بلۆکەکانیش بەپێی جۆری بلۆکەکە دەگۆڕێت، کە هەر جوتێک بلۆک لە 500 دینارەوە دەست پێدەکات تا هەزار و 250 دینار بەپێی کوالێتی و جۆری بلۆکەکە و ئەو چیمەنتۆ و کەرەستانەی لە دروستکردنیاندا بەکاردەهێنرێت.
ڕوونیشی کردەوە، بلۆک تاكه شت نیە کە لەو دەڤەرە دروست دەکرێت بەڵکو هاوشێوەی کارگەکانی بلۆک کارگەی بەرهەمهێنانی چەو و لمیش بازاڕی خۆیان هەیە.
دەڤەری ڕاپەڕین خاوەنی نزیکەی دوو هەزار کارگەی بلۆکە و ڕۆژانەیش نزیکەی شەش هەزار بلۆک لەو کارگانە بەرهەم دەهێنرێت و لە زۆربەی شار و شارۆکەکانی کوردستان کڕیاری تایبەت بەخۆی هەیە.
ڕاپەڕین/ شادان بەکر