ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه، دانیشتوانى شارۆكه‌ى پێنجوێن، داواى دابینكردنى به‌شێك له داهاتى مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ و مه‌رزی نافه‌رمی سه‌یران به‌ن ده‌كه‌ن، بۆ جێبه‌جێكردنى به‌شێك له پڕۆژه‌كانى ناوچه‌كه‌یان و لایخۆشیه‌وه، پارێزگاری سلێمانی، ڕاى گه‌یاند، "داوامان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه، هاوشێوه‌ی داهاتی پتڕۆ دۆلار، ئه‌و حه‌وت دۆلاره‌ی له سووته‌مه‌نی وه‌رده‌گیرێت بۆ پێنجوێن خه‌رج بكرێته‌وه".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، "له‌سنووری شارۆكه‌ى پێنجوێن داهاتی هه‌ردوو مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ و مه‌رزی نافه‌رمی سه‌یران به‌ن زۆره، له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی من له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داوام لێكردوون ئه‌و حه‌وت دۆلاره‌ی له سووته‌مه‌نی وه‌رده‌گیرێت له‌م ناوچه‌یه، بۆ چاككردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كانی خه‌رج بكرێته‌وه و ئه‌و كاره‌یش بخریته ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاره‌كان".
گوتیشی، "تا ئێسته ئه‌م داوایه‌مان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و له هه‌ڵسه‌نگاندایه و حكوومه‌ت به‌زاره‌كی رازی بوونه، به‌ڵام هێشته به كرداری نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و پێشنیازی ئه‌وه‌شمان كردووه وه‌ك چۆن له ڕابردوودا، داهاتی پتڕۆ دۆلار هه‌بووه و بۆ ئه‌و ناوچانه خه‌رجكراوه‌ته‌وه كه نه‌وتی لێده‌رهێنراوه فڕۆشراوه، به‌هه‌مان شێوه، پێویسته داهاتی ئه‌و دوو مه‌رزه‌یش به‌شێكی بۆ سنووری پێنجوێن خه‌رج بكرێته‌وه".
پارێزگاى سلێمانى، ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه، "داهاتی مه‌رزه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی به‌تایبه‌تیش باشماخ و په‌روێزخان، ده‌چێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و بۆ یه‌كه كارگێڕییه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه".
مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، نزیكه‌ى شه‌ش كیلۆمه‌تر و مه‌رزى نافه‌رمى سه‌یرانبه‌نیش، نزیكه‌ى 35 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌رى شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه دووره و ڕۆژانه‌ش ژماره‌یه‌كى زۆر ئوتومبێلى بازرگانى، به سنوورى پێنجوێن دێن و ده‌چن، به‌ڵام ئێسته‌یشى له‌سه‌ربێت، ته‌نیا ته‌پۆتۆزى ڕێگاكان بۆ پێنجوێنیه‌كانه و داهاته‌كه‌شى نادیاره و ئه‌وه‌یش به‌رده‌وامى جێگه‌ى نیگه‌رانیانه.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى