نزیكەی 100 كچ خۆیان بۆ شاجوانی كوردستان كاندید كردووە

:: AM:11:34:18/11/2018 ‌
بڕیارە كۆتایی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی شاجوان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و تا ئێستە نزیكەی 100 كچ خۆیان كاندید كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی تشرینی دووەم، سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پرۆسەی ناو تۆماركردن بۆ شاجوانی كوردستان تا ئێستە بەردەوامە و نزیكەی 100 كچ ناویان تۆمار كردووە.

بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزار گوتی، بۆ ئەمساڵ لە 20ـی كانوویی یەكەم هەڵبژاردنەكە بەڕێوە دەچێت و لەلایەن كۆمپانیایەكەوە خەرجییەكان دابین كراوە و حكوومەتیش تەنیا پاڵپشتی پرۆسەكەیە.

ئاشكرای كرد، وەك ساڵانی ڕابردوو چەند كەسێكی شارەزای بیانی لە هەڵبژاردن و دیاریكردنی شاجوان بەشداری دەكەن، ئەوەیش بەمەبەستی سەرنجڕاكێشانی گەشتیاران و زیاتر دەوڵەمەندكردنی پرۆسەكەیە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بۆ شاجوان دەكرێت و كۆمەڵێك ئیمتیازی بۆ دابین دەكرێت، لە كاتی وەرگرتنی تاجی شاجوانی كە بەشێك لە كارەكانی شاجوانەكانی ڕابردوو بریتی بووە لە كاری كۆمەككردنی هەژاران و ئاوارەكان.





وشە - رامیار جەواد