له‌ دهۆك 99 كه‌س به‌ ڕووداوى هاتوچۆ بوونه‌ قوربانى

:: PM:07:58:18/11/2018 ‌
به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی قوربانییه‌كانی هاتوچۆ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی دهۆك چه‌ند چالاكییه‌كی ئه‌نجام دا و به‌رپرسی راگه‌یاندنی هاتوچۆی دهۆكیش راى گه‌یاند، ئه‌م ساڵ 99 كه‌س به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

ئازاد ته‌ها به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی دهۆك به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی قوربانییه‌كانی هاتوچۆ ئه‌وان له‌ سنووری پارێزگای دهۆك كومه‌ڵێك چالاكی جۆراوجۆریان له‌ بواری هاتوچۆ و هۆشیاری ئه‌نجام داوه‌.

زیاتر گوتى، ئه‌م ساڵ تا ئێسته‌ 906 رووداوی هاتوچۆ له‌ سنووری پارێزگای دهۆك روویداوه‌، له‌ ئه‌نجام دا 942  كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی له‌وانه‌ 99 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌وانی تر بریندار بوون و هه‌زاران ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش تێكشكێنراون و زیانێكی زۆری مادی پێكه‌وتووه‌.

هاوكات له‌ ماوه‌ی 48 سه‌عاتی رابردوو له‌ سنووری پارێزگای دهۆك سێ روودای هاتوچۆ روویداوه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ 26 كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی.

دهۆك/ نه‌وزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم