فوئاد حوسێن: پڕۆگرامی حكوومەتی عێراق گرنگی بە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری دەدات

:: PM:10:00:18/11/2018 ‌

فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە پڕۆگرامی حكوومەتی نوێی عێراق گرنگیدانی بە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی چڕ كردووەتەوە و روونی كردەوە كە حكوومەتی نوێ پاڵپشتی و هانی كەرتی تایبەت دەدات بەمەبەستی پتەوكردنی ئابووری عێراق.

پەرلەمانی عێراق لە 24ی مانگی رابرددوو دەنگی بە پڕۆگرامی حكوومەت و كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دا، پڕۆگرامی حكوومەتی عەبدولمەهدی چەندان خاڵ لەخۆ دەگرێت بەتایبەتی لایەنە ئابوورییەكەی لەوانە نەهێشتنی گەندەڵی كە زۆرینەی پڕۆژە و كایە ئابوورییەكانی لە عێراق پەك خستووە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم فوئاد حوسێن وەزارەتی دارایی لە بەغدا پێشوازی لە سیریل نان، باڵوێزی ئەڵمانیا لە بەغدا كرد و وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە وەزیری دارایی ئاماژەی كرد كە قۆناغی داهاتوو هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق گرنگی زیاتر بە دانانی پلانەكانی ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و دابینكردنی خزمەتگوزاری و هەلی كار دەدەن. 

روونی كردەوە، پڕۆگرامی حكوومەتی نوێ گرنگی گەورە بە كەرتی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەلی دەدات، ئەوەیش پێویستی بە چەسپاندنی كولتووری قبووڵكردنی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە و پاڵپشتی و شارەزایی دۆستان دەكات بەتایبەتی ئەڵمانییەكان، لەو كاتەی حكوومەتی عێراق هانی كەرتی تایبەت دەدات بە مەبەستی پتەوكردنی ئابووری عێراق بەتایبەتی لە بواری سیستەمی بانكی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل