سلێمانی.. بەهۆی سووتانی خانووێك كەسێك گیانی لە دەست دا

:: AM:12:09:19/11/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم بەهۆی شۆرتی كارەباوە ئاگر لە ماڵێك لە سلێمانی دەكەوێتەوە و بەو هۆیەوە كەسێك گیان لە دەست دەدات و یەكێكی تریش بریندار دەبێت و زیانی مادی زۆریش بەو ماڵە دەكەوێت.

رێكان جەمال, گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند, دوای ئاگاداركردنەوەمان لەو ڕووداوە, تیمەكانی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە كە تێیدا ماڵێك سووتابوو و زیانی گیانی و مادیشی هەبوو.

ئەوەشی گوت, ماڵەكە لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی بووە و بەهۆی شۆرتی كارەباوە ئەو ئاگرە دروست بووە و بەو هۆیەوە كەسێك گیانی لە دەست داوە و كەسێكی تریش بەریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە بەمەبەستی چارەسەر.

روونی كردەوە، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە و تەرمی كچە سووتاوەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە", ئەو دوو قوربانییە لە قاتی سەرەوەی ماڵەكە بوون و هۆكاری ئاگرەكەیش هیتەرێكی كارەبا بوو كە بەو هۆیەوە شۆرت دروست بووە و ڕووداوەكەی لێ كەوتووەتەوە. ئەو كەسەیشی گیانی لە دەست داوە تەمەنی سەروو ٢٠ ساڵ دەبێت و بەهۆی دووكەڵەوە تەنگە نەفەس بووە و گیانی لە دەست داوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل