"فیتەری ئەكادیمی" هەوڵێكە بۆ ڕزگاركردنی هاووڵاتییان لە فڕت و فێڵ

:: AM:08:56:19/11/2018 ‌
كردنەوەی بەشێك لە پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر بۆ كاری چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل و ڕاهێنانی قوتابییان لەسەر ئەو پیشەیە، بەشێك لە هاووڵاتییان دڵخۆش دەكات. سەرۆكی بەشەكە رای دەگەیەنێت كە قوتابییەكانیان لە كۆمپانیای ڕانج ڕۆڤەر و مارسیدس و نیسان و تویوتا مەشقیان كردووە.

ڕزگار قاسم هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە و بەدەست دەنگێكی ناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە ماوەیەك دەیناڵاند، ئەو زۆر سەردانی ناوچەكانی پیشەسازی كرد تا بێزار بوو، بەهۆی چارەسەر نەكردنی كێشكەی.

رزگار وەك خۆی دەڵێ، لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە هەزار و 200 دۆلاری خەرج كردووە، بەڵام چارەسەری تەواوی كێشەی ئۆتۆمبێلەكەی نەكراوە.

ڕزگار بۆ "وشە" گوتی، بەڕاستی پێویستمان بە كەسانی ئەكادیمی هەیە بۆ چارەسەری كێشەی ئۆتۆمبێل و دوور بكەوینەوە لەوەی كەسێك دوو ساڵ لەژێر دەستی وەستایەك كار دەكات، دواتر خۆی دەكات بە وەستا و ماڵی خەڵك تێك دەدات.

ئەو هاووڵاتییە ئاشكرای كرد، لە دوای هەشت مانگ، رێی كەوتووەتە ناوەندێكی خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل لە هەولێر و ئەوان بەشێوەی زانستی كێشەكەی ئۆتۆمبێلەكەیان چارەسەر كردووە. 
زیاتر گوتی "لە خۆشی نەمانی دەنگی ئۆتۆمبێلەكەم پرسیم ئێوە لە كوێوە هاتوون، گوتیان ئێمە ئەكادیمین لەم بوارەدا و دەرچووی ناوەندی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلین".

وەستا سەردار ڕێبوار كە خاوەن دووكانێكی چاككردنەوە و دیاریكردنی كێشەی ئۆتۆمبێلە، ئەوە دەخاتە ڕوو كە نەبوونی كەسی ئەكادیمی كێشەیەكی گەورەیە بۆ ئەوانیش، چونكە كاتێك دەڵێین سادێسەی تێكچووە، وەستا نازانێ چییە و شوێنی تر لە ئۆتۆمبێلەكەدا دەكاتەوە.

ئەو وەستایە بۆ "وشە" گوتی، زۆر لە وەستاكان ئۆتۆمبێلی ئێستە وەك ئۆتۆمبێلی مۆدێل نەوەتەكان سەیر دەكەن و بەشێكی زۆر لە شوێنەكانی دەكەنەوە بێ‌ ئەوەی شارەزاییەكی ئەوتۆیان هەبێت.

ئاشكرای كرد، ئێستە ناوچەی پیشەسازی پێویستی بە وەستای ئەكادیمی و مۆدێرن هەیە كە بتوانێ لە ڕێی كۆمپیوتەرەوە كێشەكان دیاری بكات و چارەسەریان بكات، بۆیە بوونی ناوەندێكی ئەكادیمی بە گرنگ دەزانین و چاوەڕوانی پێگەیشتنی كەسانی پیشەیین.

"بەشێك لە خاوەن ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان ئێستە متمانەیان بە ناوچەی پیشەسازی نەماوە، بۆیە بە ناچاری دەچنە ناوەندەكانی كۆمپانیای چاككردنەوە كە بە بڕە پارەی زۆر خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكەن، لەكاتێكدا ئەوانیش ئەكادیمی نین و هەر وەك وەستاكانی ناوچەی پیشەسازین" وەستا سەردار وای گوت.

 بەڵام بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لە پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر كراوەتەوە سەرۆك بەشەكە ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ 15 گەنج لەو بەشەی پەیمانگە دەرچوون و ساڵانی داهاتوویش ژمارەیەكی زیاتر تر دەردەچن. ئەو دڵخۆشە بەوەی "قوتابیەكانی ڕاهێنراو و شارەزان لە گێڕ و مەكینە و توندوتۆڵی پشت و پێشی ئۆتۆمبێل و كارەبایاتی".

ئەحمەد بەرزنجی سەرۆكی بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل، بۆ "وشە" گوتی، ئەمساڵ 15 گەنجی لێهاتوو بەشێوازێكی مۆدێرن ڕاهێنراون و خاوەن كاری خۆیانن لە ناوەندەكانی چاككردنەوە. 

ئەوەیشی خستە ڕوو "ئێستە یەكەمین گرووپی ئەكادیمیمان دەرچوونە و لە كۆی 15 دەرچوو، حەوتیان خاوەن كاری خۆیانن لە هەمان بەش. بۆیە بۆ ساڵانی داهاتوو ناوەندەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل دەتوانن زیاتر سوود لە ئێمە وەربگرن، ئەو هەشتە كەسەیشی ماونەتەوە لە كاتێكی نزیكدا ئەوانیش دەبنە خاوەنی كاری خۆیان".

ئاشكرای كرد، ئەمساڵ لەناو قوتابیەكانمان كچیش هەیە، بە دەرچوونی ئەوانە دەتوانین بڵێین لەمەودوا وەستای كارامەی كچیش هەیە و دەتوانێ دەستكاری ئۆتۆمبێلەكان بكات و چاكیان بكاتەوە. دەبێ ئەوەش بگوترێ كە لە مەشقی هاوینە بۆ ئەو قوتابییانە، سەرجەمیان لە ناوەندە گرنگەكانی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی وەك ڕانج ڕۆڤەر و تویوتا و مارسیدس و نیسان مەشقیان كردووە.

هەرچەندە ئەو بەشەی پەیمانگە لە كاتی تەنگژەی داراییدا دامەزراوە، نەتوانراوە بەشێوەیەكی باش یارمەتی بدرێت، بەڵام بەهاوكاری و كۆڵنەدانی مامۆستاكان، ئێستە بەردەوامی هەیە و ساڵانە چەندان قوتابی ڕووی تێدەكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی داهاتوویان.
وشە/هەولێر-رامیار جەواد





وشە - رامیار جەواد